سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گومان لە فەرمانێکی کەریم شەنگالی دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر پێناس دروستکردن بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، گومان لە فەرمانێکی کەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆ دەکات.

رێکەوت زەکی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکی بۆ سپی دەڵێت" ئـەم نوسراوەو داوای ھەڵوەشاندنەوەیە تەنیا بۆ ئـەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نێردراوە". ( واتە ئەم رێوشوێنە تەنها دژی پارێزگای سلێمانییە).

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ماوەی ساڵ و نیوێکە پێناسی پارێزبەندیان بۆ ئەندامانی ئەنجومەنەکە دروستکردووە، کەریم شەنگالی دروستکردنی ئەو پێناسانە بە نوسراوێکی فەرمی هەڵوەشاندۆتەوە.

رێکەوت زەکی لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ سپی دەڵێت" لە کاتێکدا پێناسەکانی ئـەنجومەنی پارێزگای سلێمانی زیاتر لە ساڵ و نیوێکە دەرچووە، بەڵام ئـێستاو لەم تەوقیتەیا ناردنی نوسراو و داوای ھەڵوەشاندنەوە، ئـەو گومانەمان لا دروستدەکات کە بەشێک بێت لەو سلسلە دژایەتیانەی بەرامبەر ئـەنجومەن ھەیە".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی داوا دەکات ئـەنجومەنی پارێزگا وەڵامی خۆی ھەبێت بۆ ئـەم هەڵوێستەی وەزیری ناوخۆ.
وەزیری ناوخۆ لەو نووسراوەدا کە ٦/٢٠ دەرچووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەڵوەشاندنەوەی ناسنامەی تایبەت بە ئەنجومەنی پارێزگا لەبەرئەوەی زاراوەی VIP و پارێزبەندی هەیە.

لە نوسراوە فەرمیەکەی کەریم شەنگالیدا هاتووە" لەسەر ناسنامەی ئەندامانی ئەنجومەن لەبەرئەوەی هێزەکانی جێبەجێکار لە پۆلیس و ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ تووشی دڵە راوکێ دەبن لە جێبەجیکردنی ئەرکەکانیان".

هەروەها هاتووە" راستە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا پاریزبەندی هەیە لەسەرپێچی و کەتن، بەڵام ئەگەر کەتن یان تاوان ( مەشهود) بێت، رێوشوێنی یاسایی لەگەڵ دەکرێت".
دەقی نوسراوەکەی وەزیری ناوخۆ



PM:10:14:30/06/2016