مەلا کرێکار هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەبوبەکر بەغدادی و یوسف محەمەد ئاشکرا کرد

مەلا کرێکار ئەمیری ڕەوتی شاخ و ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام بۆچوونی خۆی لەسەر ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش ڕاگەیاند و دەڵێت خوا بیپارێزێت و داعشیش بە موجاهید ناودەبات، دەشڵێت یوسف معەمەد ئەقیدەکەی شل گرتبوو.

مەلا کرێکار لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕێکی سەر بە خۆیدا سەبارەت بە بۆچوونی داعش لەسەر ئەوەی کە قاعیدە لە مەنهەج دەرچووە دەڵێت " ێم وایە دەبێت ئەو پرسیارە لە برایانی دەولە بکرێت تا بزانرێت ئایا مەبەست لێی مەنهەجە وەحییە خواییەکەیە یان بەرنامەو ئەساسنامەیەکە کە خۆیان پێشتر لەسەریی رێکەوتوون و پاشان راجوێی و ناکۆکییان بە هۆیەوە کەوتۆتە نێوانەوە.. واش نازانم پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئێمەوە هەبێت.. من هەردوو لایان بە دوو کۆمەڵی ئیسلامی موجاهید دەزانم، ناکۆکیی نێوانیانم پێ ناخۆشە، واشنابینم هیچیان لە شەرعێتی جیهادکردنیان دەرچووبن، چونکە هەردوو لایان دیدو ڕێ و ئاڵاو ئامانجیان ئیسلامییەو رۆشنە، هەردوو لایان ئەهلی سووننەو جەماعەتن. ئەمیری هەردوو لایان خوا بیانپارێزێت موسوڵمانی خواناس و هیممەتبەرزو راستگۆن.. من هیچ کۆمەڵێکی جیهادیی تەزعیف ناکەم".

هەروەها باس لەوە دەکات کە یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان عەقیدەی ئیسلامی شلگرتووە و دەڵێت " یەکەمیان لەبەر ئەوە بوو کە ئیخوان (یەکگرتووی ئێستاش) هیچ بایەخیان بە لایەنی عەقیدە نەدا، بە تایبەتی وەلا‌و و بەرا‌و، بۆیە زۆر ئاسایی دەبوونە سەربازی بەعس و ئێستاش پێیان زۆر ئاساییە بەرەی پارتی و یەکێتـی بەرامبەر تەنزیمـی دەولە بە بەرەی شەرعیی بزانن (چ هەڵوێستی رەسمی حزبەکە چ هەڵوێستی کەسانی وەکو مامۆستا سەید ئەحمەد ( قسەکانی لە خزمەت پێشمەرگەکاندا لە بەرەکانی شەڕ) یان وازهێنان لە حزبەکەیان و چوونە ناو پارتێکی عەلەمانیی! وەکو دکتۆر یوسف محمد و چوونە ناو بزوتنەوەی گۆڕان. یان مامۆستا عبدالرحمان صدیق و خزمەتی ئەو لایەنە موخابەراتییەی وەلائی خۆیی داوەتێ! ئەمە ئەنجامی شلگرتنی عەقیدەکەو یەقکردنەوەی ئیمانە".




PM:02:52:05/07/2016