"دەمانچەی كارەبایی بەكار هاتووە بۆ رێگریکردن لە رۆژنامەنووسان"

 سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان ئیدانەی توندو تیژی و رێگری هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەرامبەر تیمی كەناڵی پەیام و زاگرۆس و رایدەگەیەنێت نابێت روماڵكردنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت بكرێتە پاساو ، بۆ پێشێلكردنی یاسای كاری رۆژنامەنوسی.

ئەمرۆ ٧/٨ لەكاتی گردبونەوەی ناڕەازایی كۆمەڵێك هاوڵاتی لەبەردەم پرۆژەی چاڤی لاند، هێزە ئەمنییەكان پەلاماری تیمی كەناڵەكانی پەیام و زاگروس یان داوە.

جەلال محمد پەیامنێری كەناڵی پەیام ( سەر بە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان)، بە میترۆی راگەیاند ویستمان روماڵی گردبونەوەكە بكەین لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ پەلامار دراوین و بۆ ماوەی نیو كاتژمێریش دەست بەسەر كراین وتی" بۆكس و دەمانچەی كارەباییان بەكار هێناو بەرامبەر خۆم و وینەگرەكەم عەبدوڵلا موستەفا و لە پاش سوكایەتی و لێدان سواری ئۆتۆمبێلێكی میگزەمینیان كردین " جەختیكردوە" كامێراكانیان لێ سەندین وتیان لە قائیمقامیەت وەریبگرنەوە پاش نیو سەعات قائێمقام پێراگەیاندین برۆن لە چاڤی لاند لە لای ئەو هیزە ئەمنیانە وەریبگرنەوە و لە بەڵام دواجاریش میموری ناو كامیراكەیان پێنەداینەوە ".

جەلال پەیوەندی بە قائیمقامی سلێمانییەوە كردوە و پێی وتووە "ئەوەی وای لێكردوون نامەسئولانە جوڵاوەتەوە".

هەروەها تیمی كەناڵی زاگروس ( سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان) ( دانا كەمال و جەمال محمد) دەست بەسەركراون كامێرایان لێ سەندراوە و پاشان بە بێ كاسێت بۆیان گەڕاندوینەتەوە.

ئامانج عبدالله بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی كەناڵی ئاسمانی زاگرۆس بە میترۆی راگەیاندووە" خۆم چووم تا بزانم بۆ دەست بەسەر كراون لەوێ ئەفسەرێك پێی ووتم" ئەمانە روماڵی خۆپیشانادانی كۆمەڵێك كەسی گێرەشێوێنیان كردوە و كە بە بێ مۆڵەت خۆپیشاندانیان كردوە بۆیە ریگەمان نەداون".

ئامانج وتی " كامێرامان بە بێ كاسێت وەرگرتەوە تیمەكەمان گەڕانەوە ئۆفیس".

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان ئیدانەی توندو تیژی و رێگری هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەرامبەر تیمی كەناڵی پەیام و زاگرۆس و رایدەگەیەنێت: نابێت روماڵكردنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت بكرێتە پاساو بۆ پێشێلكردنی یاسای كاری رۆژنامەنوسی.

میترۆ داوا لە بەرپرسانی هێزە ئەمنییەكان دەكات بە دواداچون بۆ رەفتاری هەندێ لە كارمەندانیان بكەن كە لەگەڵ رۆژنامەنوسان جگە لە بەكاهێنانی هێز هیچ رێگەییەكی تر ناگرنە بەر.



PM:10:23:08/07/2016