" سەردانی دووەمی فواد حسێن هیچی لێ سەوز نەبوو"

نێردراوی بارزانی بۆ پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم سەردانی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسانی یەکێتی دەکات، بەبێ ئەوەی ئەمجارەش " هیچی سیاسی لێ سەوزبێت".

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" بۆ جاری دووەم د. فواد حسێن سەردانی سلێمانی دەکات و بە جیا لەگەڵ هەریەک لە نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ لێ سەوز بێت".

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا سازیکردووە، بەپێی زانیارییەکانی سپی بە فواد حسێن راگەیاندراوە ئەوان پرسی گۆڕینی سیستەم بەلایانەوە گرنگە لەگەڵ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی پۆستی سەرۆکی هەرێم و دواتر چارەسەرکردنی پرسەکانی تر دێن.

سپی زانیوویەتی هەڵوێستی کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیمیش کە نوێنەرەکەی بارزانی لەگەڵیان کۆبۆتەوە هاوشێوەی هەڵوێستی گۆڕان بووەو، هیچ کەلێن و جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ئەوان هەڵوێستی گۆڕاندا نەبووە.

سەبارەت بە پرۆژەی پارتی کە نوێنەرەکەی بارزانی  پێشنیاری کردبێت، بەپێی زانیاری سەرچاوەکەی سپی، پارتی پرۆژەیەکی روونی لانەبووە، بەڵام لە میانەی قسەکانی د. فواد حسێن دا پێشنیاری کردووە کە سەرۆکایەتیەکی بێ لایەن بۆ پەرلەمان دەستنیشان بکرێت و ببێتە جێگرەوەی ئەم سەرۆکایەتییەی ئێستای پەرلەمان، هەروەها جێگرێکی تر بۆ سەرۆکی حکومەتی دەستنیشان بکرێت و بدرێت بە گۆڕان، بارزانیش تا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

بەپێی زانیاریەکانی سپی ئەو پێشنیارە لەلایەن گۆڕانەوە رەتکراوەتەوەو، ئەو بزووتنەوەیە جەخت لەسەر گۆڕینی سیستەمەکەیە. 
ئەمە دوومجارە فواد حسێن سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ سەرکردەکانی لایەنەکانی سلێمانی کۆدەبێتەوە، سەرباری ئەوەی دانیشتنەکان بەردەوام دەبن، بەڵام دوومجاریش تا ئێستا هیچ لێ سەوز نەبووە. 
    



AM:10:02:28/07/2016