بارزانی پێشنیاری چی خستۆتە بەردەم گۆڕان و یەکێتی؟

د. فواد حسێن کە ماوەی چەند رۆژێک لە سلێمانی مایەوە و لەگەڵ رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکردەکانی یەکێتی چەند جارێک کۆبوەوە، بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی هەرێم پێشنیارێکی خستۆتە بەردەم گۆڕان و یەکێتی، وا بڕیاریشە ئەو دوو لایەنە لە رۆژانی داهاتوودا وەلآمی بدەنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی د. فواد حسێن نوێنەری بارزانی، پێشنیارەکانی بەم شێوەیە خستۆتە بەردەم نەوشیروان مستەفا و سەرکردەکانی یەکێتی:

- پەرلەمان ئاکتیڤ بکرێتەوە بەو مەرجەی ئەم سەرۆکایەتییەی ئێستا بگۆڕدرێن و سەرۆکایەتیەکی نوێی بەدەر لە گۆڕان و یەکێتی و پارتی بۆ پێکبهێنرێت.
- جێگرەکانی سەرۆکی حکومەت بکرێن بەدوو جێگرو ئەو جێگرە نوێیەی بدرێت بە بزووتنەوەی گۆڕان.
- وەزیرەکانی گۆڕان بگەڕێنەوە سەر کارەکانی خۆیان.
- ماوەی بارزانی درێژبکرێتەوە تا هەڵبژارادنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کە لەمانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ کۆتایی پێدێت.
- بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم، هەندێک دەسەلآتەکانی بدات بە سەرۆکی حکومەت.
- سەبارەت بە شێوازی سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان، ئەو کارە بسپێردڕیت بە لیژنەی دەستووری و لەرێگای ئەوانەوە پرۆژەی دەستووری هەرێم ئامادەبکرێت و لایەنەکان لەسەر ئەو پرسە رێکبکەون کە سیستەمەکە پەرلەمانی دەبێت، یان سەرۆکایەتی.

ئەم پێشنیارانەی بارزانی لەلایەن گۆڕان و یەکێتییەوە دیراسە دەکرێت و بەپێی زانیارییەکانی سپی هەردوو لایەن، یەکێتی و گۆڕان وەلآمێکی هاوبەشی ئەو پێشنیارانە لە رۆژانی داهاتوودا دەدەنەوە.


PM:04:40:29/07/2016