گۆڕان سەبارەت بە كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی بڕیاریدا

بزوتنەوەی گۆڕان دوپاتیدەكاتەوە، تا بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەمجۆرەی ئێستا بێت ئامادەنین بە فەرمی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دا دابنیشن.

لەبارەی ئەو هەڵوێستەی بزوتنەوەكەیانەوە، محەمەد تۆفیق رەحیم رێكخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی گۆڕان بە ماڵپەڕی "میللەت"ی راگەیاندوە، بزوتنەوەكەیان نایەوێت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دابنیشێت هەتا بارودۆخ ئاوا بێت و چارەسەر نەكرێت.

ئەو لێدوانەی هەڵسوڕاوە باڵاكەی گۆڕان لەكاتێكدایەهەفتەی رابردوو د.فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم بە نوێنەرایەتیی مەسعود بارزانی سەردانی لایەنەكانی كرد لە سلێمانی و لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕانیش دووجار كۆبۆوە.

محەمەد تۆفیق رەحیم وتوشیەتی "پێمانوایە دانیشتن لەگەڵ پارتی لەم بارودۆخەدا هیچ سودێكی نابێت و كۆبوونەوەش لە پێناوی كۆبونەوە ناكەین، ئەوەمان بە لایەنەكانی تریش وتوە".

لەناوەڕاستی ساڵی رابردوەوە، پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە و بەوهۆیەشەوە پەرلەمانی كوردستان پەكخراوە و وەزیرەكانی گۆڕانیش لەلایەن پارتییەوە لە حكومەت دورخراونەتەوە.



PM:02:31:30/07/2016