یەكێتی: لەگەڵ گۆڕان وەڵامی هاوبەشی بارزانی دەدەینەوە

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆتایی هات‌و سەرچاوەیەكیش ئاماژە بەوەدەكات لەكۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر ئەو كراوەتەوە بە هاوبەشی یەكتر وەڵامی پێشنیاریەكانی بارزانی دەدەنەوە.

ئەمڕۆ شەممە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆبووەو لەلایەن کۆسرەت رەسول عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرۆکایەتی کرا کە چەند تەوەرێکی کۆبونەوەکە تایبەت بوون بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناو یەكێتی بە سپی راگەیاند: یەكێتی‌و گۆڕان سەبارەت بە پێشنیارەكانی بارزانی كە لەلایەن فواد مەعسومەوە ئاراستەی هەر دوو لایەن كرا، بە هاوبەشی‌و پێكەوە وەڵام دەدەنەوە‌و هەر بڕیارێك بدەن بە شێوەی هاوبەش دەبێت.

بەپێی بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكە، لە بەشێکی کۆبونەوەکەدا باس لەشەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش کرا، هەروەها باس لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان کرا و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هاوڕابوون لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانیشتن.

لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند کە پێشوازی لەهەر هەنگاوێک دەکەن بۆ یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد پاراستنی یەکریزی گەلی کوردستان.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەو کۆبونەوەیەدا رایگەیاند کە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە چارەسەری بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی بکات و موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران بەگشتی دابینبکات و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.



PM:03:49:30/07/2016