پارتی: ئامادەین رێكەوتنێكی نوێ لەگەڵ گۆڕان بكەین

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی لەسەر قسەكانی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دێتە وەڵام‌و دەڵێت: ئەو قسەیەی كاك یوسف محەمەد شتێكی نوێ نیە.

پاش ئەوەی ئەمرۆ یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "ئەگەر پۆستەکەم بەلاوە گرنگ بووایە، ئەوا ھەندێ داواکاریم جێبەجێ دەکرد بۆ ئەوەی لە ھەولێر بمێنمەوە، پۆستی من بە قوربانی خەڵکی کوردستان، بە قوربانی بەرەوپێشبردنی دۆخی ھەرێمی کوردستان بێت، وەرن ھەموو پۆستەکان بکەنە قوربانی خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان".

لەبەرامبەردا سەربەست لەزگین، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە رووداوی راگەیاند "ئەو قسەیەی کاک یوسف محەممەد ئاساییە و شتێکی نوێ نییە، ھەموو کەسێک ئامادەیە ئەو قسە بکات و بڵێ دەستکەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی لە پۆست گەورەترە، بۆیە قسەکەی ئەویش ھەر لەو چوارچێوەیە".

وتیشی "پارتی سوورە لەسەر ئەوەی رێککەوتنی پێشوو کە بەھۆیەوە گۆڕان پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی وەرگرت، ھەڵوەشاوەتەوە، ئامادەین رێککەوتنێکی دیکەی نوێ لەگەڵ گۆڕان بكەین، چونکە کاک یوسف محەممەد و حیزبەکەی بنەمای تەوافقیان تێکدا و ھۆکار بوون بۆ ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە".



PM:06:03:30/07/2016