" تا تۆماری دەنگدەران پاکنەبێتەوە، مەحاڵە باس لە هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاریی بکرێت"

د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە پێشوازی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد لە لیژنەی پارێزگاکان دەڵێت: دەبێت هانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بدەین بەزوترین کات بچن نۆ درووستکردنی کارتی نیشتمانی و بایۆمیتریک (کارتی زیرەک).

نیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەک شەممە ٧-٨-٢٠١٦ سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کێشە و گرفتەکانی کارتی نیشتمانی و درووستکردنی (کارتی زیرەک) یان تاوتوێ کرد. سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا کارتی زیرەک و درووستکردنی کارتی نیشتمانی تەنها بۆ هەڵبژاردن نییە، بەڵکو بۆ ڕایکردنی کاروباری هاوڵاتیانە لە فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئاماژەشی بەوەدا، تا تۆماری دەنگدەران بەشێوەیەکی تەندرووست لەلایەن کۆمیسیۆن و لایەنە پەیوەندارەکان پاک نەکرێتەوە، مەحاڵە باس لە هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاریی بکرێت. ئەمەش گەورەترین گرفتی پرۆسەی دیموکراتی و هەڵبژاردنە لە هەرێمی کوردستان.

نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، داوایان لە سەرۆکی پەرلەمان و دامو دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد پشتیوانیان بن بۆ هەڵمەتێکی نیشتمانی بەرفراوان بە هاوکاریی (دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران و مامۆستایانی ئاینی) و سەرجەم چین و توێژەکانی تر ڕادەگەیەنن بۆ هۆشیارکردنەوەو هاندانی هاوڵاتیان بۆ نوێکردنەوەی کارتی نیشتمانی و کارتی زیرەک.



PM:12:58:07/08/2016