"گۆڕان بەفەرمی هیچ بڕیارێكی لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی‌و هەڵبجە نەداوە"

تا ئێستا نە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و نە جڤاتی گشتی ئەو بزووتنەوەیە بە فەرمی گفتوگۆیان لەسەر ئاڵوگۆڕكردنی هەردوو پارێزگاری سلێمانی‌و هەڵەبجە نەكردوە.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی راگەیاند: لەكۆوونەوەكانی ئەم دواییەی جڤاتی نیشتمانی‌و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كە بە سەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزوتنەوەكە بەڕێوەچووە، بەفەرمی باسی ئەو پرسە نەكراوە‌و هیچ جۆرە بڕیارێكیش لەوبارەیەوە نەدراوە.

وتیشی: سەرباری ئەوەی ئەو دوو دەستە باڵایەی گۆڕان باسی ئەو پرسەیان نەكردوە، بەڵام لەناو رایەڵ‌و رێكخستنەكانی گۆڕاندا رای گشتی هەڵسوڕاوانی ئەو بزوتنەوەیە بەو شێوەیەیە كە هەردوو پۆستەكە ئاڵۆگۆڕیان پێبكرێت‌و پۆستی پارێزگاری سلێمانی گۆڕان وەریگرێت‌و هەڵەبجەش بدرێت بە یەكێتی.

نزیك بە 9 رۆژی دیكە لە رووی یاسایی‌و بە پێی رێكەوتنی هەردوولایەنی یەكێتی‌و گۆڕان وادەی ئاڵوگۆڕكردنی ئەو پۆستانەیە. تا ئَێستاش یەكێتی هیچ لێدوانێكی فەرمی لەمەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتییەوە لەسەر ئەو پرسە نیە‌و چاودێران پێیانوایە پێدەچێت یەكێتی چاوەڕوانی هەڵوێستی گۆڕان بكات.



PM:03:08:10/08/2016