پۆستی پارێزگاری سلێمانی چی لێ بەسەردێت؟

بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت کە ئەوان سوورن لەسەر گۆڕین و دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری سلێمانی ئەو پرسە یەکلایی بووەتەوە تەنها ئەوە ماوە گۆڕان بڕیاربدات چۆن پڕی دەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕان بە سپی ڕاگەیاند کە ئەوان چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە بە فەرمی ئاسۆ فەریدون پارێزگاری سلێمانی دەستلەکاربکێشێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە گۆڕان یەکێک لە بژاردەکانی ئەوەیە کە هەڤاڵ ئەبوبەکر بکرێتە پارێزگاری سلێمانی بێ گەڕانەوەی بۆ سەرۆکی هەرێم، بەڵام ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە مامەڵەکردنی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان و وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ سلێمانیدا باش نابێت و لەمپەڕ لەبەر کارکردنیدا دادەنرێت. وتیشی یەکێکی دیکە لە بژاردەکانی بەردەم گۆڕان ئەوەیە کە سەردار قادر، کە ئێستا جێگری پارێزگاری سلێمانییە پۆستەکە بە وەکالەت وەربگرێت.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ئەوەی بەدووریش نەزانی کە لەبەر رێککەوتنەی لەنێوان گۆڕان و یەکێتیدا لە ٥/١٧و پرسی سیستەمی پەرلەمانی و تەبایی هەردوولا لەسەر زۆر لە مەسەلەکان، گۆڕان ئەو پۆستە بۆ دوو ساڵ بداتەوە بە یەکێتی.

ئەمە لەکاتێکدایە تا ئێستا بەفەرمی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کە بەرزترین دامەزراوەی گۆڕانە لەسەر ئەم پرسە کۆنەبۆتەوە.
 
ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان لەسەر پرسی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، پێویستە لە ١٩ی مانگدا ئەو دوو پارێزگایە ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت (سلێمانی بۆ گۆڕان و هەڵەبجەش بۆ یەکێتی).



PM:07:02:10/08/2016