حیزبی دیموکرات، ئێران بە بەکارهێنانی چەکی فسفۆری تۆمەتبار دەکات

حیزبی دیموکراتی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران تاوانبار دەکات لە بۆردومانەکەی دوێندا بۆ سەر ناوچەکانی سیدەکان چەکی فسفۆری بەکارهێناوە.

بە پێی بەیانێکی مەکتەبی سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە، کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەکرێت، کە دوێنی گوندەکانی ناوچەی سیدەکانی لە باشووری کوردستان بە گوولە تۆپی فسفۆری بۆردومان کردووە.

محەمەدی ساحیبی یەکێک لە بەرپرسانی حیزبی دیموکرات لە باشووری کوردستان، بە سپی راگەیاند" بەشێک لەو تۆپانەی دوێنێ ٨/١٢ بۆردومانی ناوچەی سیدەکانی کردووە، فسفۆری بوون هەموو ئەو شوێنانەی بەر ئەو بۆردومانە کەوتوون بوونەتە خەڵوز، لەکاتێکدا بە تۆپ و کاتیووشای ئاسایی ئەو ناوچانەی بەر بۆردومانەکە کەوتوون، نەبوون بە خەڵوز".

ئەو بەرپرسەی دیموکرات ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەمە یەکەمجارە ناوچە سنوریەکانی باشووری بەو چەکە بۆردومان بکرێت، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران چەند جارێک ئەو چەکەی لەناوچە کوردیەکانی رۆژهەڵات دژی پێشمەرگە بەکارهێناوە.

دوو رۆژە تۆپبخانەکانی ئێران بۆردومان ناوچەی سیدەکان و ئەو گوندانەی ئەو دەڤەرە دەکەن، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیش کاروان کەریم خان بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە میدیاکانی راگەیاند" نزیکەی ١٠٠ خێزانی کۆچبەری ناوچە کوێستانییەکان ئاوارەبوون، زەرەرو زیانێکی زۆریش بە باخ و بێستان و کێڵگەی هەنگی جوتیاران کەوتووە".

لە لایەکی ترەوە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، رایگەیاند" شەوی رابردوو لە ناوچەی شارباژێڕ لە باکوری سلێمانی، پاسداران لەسەر سنور تەقەیان لە چەند کۆڵبەرێک کردووە، بەڵام گەنجێکی ئەو دەڤەرەی پێووە بووەو دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی سلێمانی گیانی لەدەستداوە".

ماوەی دوو مانگە بارگرژی لەسەر سنورەکانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران ناوبەناو بەردەوامە، ئەمەش دوای شەهیدکردنی١١ پێشمەرگەی حیزبی دویمکراتی کوردستان دێت کە بۆچالاکی سیاسی چووبوونەوە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بەهۆی هێرشکردنی هێزە سەربازیەکانی ئێرانەوە شەهیدبوون‌و، بەدەیان پاسداری ئێرانیش لەچەند شەڕێکدا لە ناوچەکانی شنۆ و مهاباد لەو کاتەدا کوژران.



PM:02:21:12/08/2016