لەسەر سەردانەکەی مالکی بۆ سلێمانی
بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نامەیەکی نهێنی دەنێرێت بۆ بارزانی

لەسەر سەردانەکەی مالکی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نامەیەکی نهێنی بۆ بارزانی دەنێرێت.

بەپێی هەندێک زانیاری لەسەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیەوە دەست سپی کەوتووە، رۆژی ٧/١٧ لەکاتی هاتنی نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بۆ شاری سلێمانی، بەرپرسێکی باڵای یەکێتی خۆی دزیوەتەوە لە پێشوازیکردن لە نوری مالکی و، لەو دۆژەدا چۆتە هەولێرو، نامەیەکی تایبەتیشی بۆ بارزانی ناردووە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەو بەرپرسەی یەکێتی لەو نامەیەدا بۆ بارزانی، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو ئامادە نییە پێشوازی لە نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بکات، بەبێ ئەوەی سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی پارتی کۆبێتەوە.

ئەو نامەیە زۆر بە نهێنی نوسراوەو گەیەندراوە بە بارزانی، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو ئامادە نییە ناوی ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاشکرا بکات، " چونکە کێشەکانی ناو یەکێتی قوڵتردەکاتەوەو، کاریگەری خراپیش دەکاتە سەر رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان".

رۆژانی ١٧و ١٨ مانگی رابردوو نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە بەنەیاری پارتی و  بارزانی هەژمار دەکرێت، سەردانی سلێمانی کردو لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە جیا کۆبووەو رۆژونیوێک لە سلێمانی مایەوە.  



PM:03:34:14/08/2016