بارزانی: پارتی هەردەم ئامادەی چارەسەركردنی كێشەكان و گفتوگۆیە

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی حەفتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتكەی پەیامێكی بڵاوكردەوە.

دەقی پەیامەكە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی حەفتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵكی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم.

مێژووی حەفتاساڵەی خەباتی پارتی بەشێكی گرنگ و یەكلاكەرەوەی مێژووی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كوردستانە و پڕە لە هەوراز و نشێو و، پارتی بەشدارێكی سەرەكی لە سەركەوتن و دەستكەوتەكان بووە و خۆیشی بە بەرپرس زانیوە لە قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا. دوای حەفتا ساڵ پەیام و ئەرك و ئامانجی پارتی لە هەموو كاتێك بەهێزترە و بە بەرچاوڕوونییەكی زیاترەوە لە خەبات و تێكۆشانیدا بەردەوامە. لە هەموو قۆناغەكاندا پارتی وەك ئامرازێك بووە لە دەستی گەلی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە ماف و داواكارییەكانی و مسۆگەركردنی دەستكەوتەكان و قووڵتركردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێكەوەژیان و ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە هەموو بوارەكانی ژیانی سیاسیی كوردستان پاراستووە.

هەر لەم سۆنگەییشەوە بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و هەستیاریی دۆخەكە و ئەو دەرفەت و تەحەدیاتەی لەبەردەم گەلی كوردستانن،  پارتی دیموكراتی كوردستان هەردەم ئامادەی چارەسەركردنی كێشەكان و گفتوگۆیە و لەوەدا ویست و داواكاریی خەڵك بە مەرجەع دەزانێت و پابەندی بەدیهێنانی ئاواتی گەلی كوردستان و سەروەری و سەربەخۆییە.
پێویستە ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە هەموو بارودۆخێكدا كار بەو بەها و پڕەنسیپانە بكەن كە پارتی لەسەری دامەزراوە و بارزانیی نەمر ڕابەرایەتیی كردووە. ڕێبازی بارزانیی نەمر ڕێبازی پێكەوەژیان و بڕوابەخۆبوونی مرۆڤی كوردستانی و بەرەنگاربوونەوەی ستەمە و، مانەوە و بەهێزبوونی پارتی لەو ڕێبازە و بەها و ئامانجەكانییەوە سەرچاوەی گرتووە.

یادی حەفتاساڵەی دامەزراندنی پارتی بە دەرفەت دەزانم خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە بە هەموو توانایەك جەخت لە پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان و سەربەخۆییەكەی دەكەینەوە. بۆ ئەوەی كوردستان بتوانێ خۆی بپارێزێ و لە نەهامەتییەكان ڕزگاری بێت و پێ بنێتە ناو بووژانەوە و پێشكەوتن ئەوە جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەكی تری لەبەردەمدا نییە و، لەوەدا پێشمەرگە زیاتر لە هەر كەس و لایەنێك مافی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلی كوردستان بدات چونكە بە خوێن و گیانی خۆی كوردستان دەپارێزێت. پەیامی سەربەخۆیی گەلی كوردستان پەیامی ئاشتی و كۆتایهێنان بە شەڕ و كارەساتەكانە. سەربەخۆیی كوردستان هیچ كاتێك بە مانای هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەك، بەڵكو بە پێچەوانەوە دەبێتە فاكتەری سەقامگیری و پێكەوەژیان و برایەتیی گەلان لە ناوچەكەدا.

لەبارەی ئەو دەستپێشخەرییەی بۆ كۆتایهێنان بە قەیرانی سیاسی لە ئارادایە هیوادارم لایەنەكان بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە هەستیاریی قۆناغەكە لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكدا ببینن و كار بۆ سەرخستنی دەستپێشخەرییەكە بكەن و كۆتایی بە قەیرانەكە بهێنرێت و هەموو لایەك لە ئاست بەرپرسیارێتیی مێژوویی و داواكارییەكانی گەل بن.

لەم بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خەڵكی كوردستان و جەماوەری پارتی بكەم كە خۆڕاگرانە تەحەمولی كێشەكانیان كردووە و لە شەڕی تیرۆریستاندا بە گیان و بە ماڵیان پاڵپشتی پێشمەرگە قارەمانەكان بوونە و ڕۆڵی كاریگەریان لە بەرگری و پاراستنی دەستكەوتەكان هەبووە. داوایش لە هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم لەپێناو سەرخستنی كوردستان ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە ئەركی خۆیان بزانن و پشت بە خوای گەورە ئەو چاكسازییەی لەناو پارتی ماوەیەكە دەستی پێكردووە ئەنجامی دڵخۆشكەری دەبێت و دەكەوێتە خزمەت بەرژەوەندیی گەلی كوردستان.

مسعوود بارزانی
15ـی ئابی 2016





PM:04:30:15/08/2016