نەوشیروان مستەفا بۆ چەند رۆژێکی کەم سەردانی دەرەوەی وڵات دەکات

وا بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا سەردانی دەرەوەی وڵات بکات.

بە پێی زانیارییەکانی سپی سەردانەکەی نەوشیروان مستەفا بۆ وڵاتی بەریتانیا دەبێت.

سەبارەت بە ماوەو هۆکاری سەفەرەکەی، بەپێی ئەو زانیاریانە سەردانەکە بۆ ماوەیەکی کورتی چەند رۆژی دەبێت و ئامانجەکەشی بەسەرکردنەوەی پزیشک دەبێت کە لەسەردانی یەکەمەیدا کە لە ٢٣-٩-٢٠١٥ سەردانی دەرەوەی کردو، لەو ماوەیەدا ئەم وادە نوێیەی بۆ دانراوە.

نەوشیران مستەفا رۆژی ٢٣-٩-٢٠١٥ سەردانی وڵاتی ئەڵمانیا و بەریتانیای کردو ماوەی زیاتر لە ٧ مانگ لەوڵاتی بەریتانیا مایەوە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی" فەقەراتی پشت"و رۆژی ٢٨-٤-٢٠١٦ گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، سەفەری ئەمجارەی نەوشیروان مستەفا بۆ سەرکردنەوەی ئەو چارەسەرەی پشتییەتی کە لەیەکەم سەردانیدا وەریگرتبوو، هەر ئەو کاتەش ئەم وادەیەی بۆ دانراوە.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقام (بەرخانەقا)ی شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی ناسراو و ڕۆشنبیری ئەو شارە لە دایکبووە. نەوشیروان مستەفا وەک ھاوڕێ نزیکەکانی دەگێڕنەوە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو دەستی بە کاروچالاکی سیاسی کردووە، یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسیشی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بووە.

قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، پاشان لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە، لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابوردووەوە لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان چالاکانە کاری کردووە.

لە ساڵانی ١٩٦٣ و ١٩٦٤ بۆتە ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان. ھەر لەو ماوەیەدا بۆتە ئەندام لە پارتی دیموکراتی کوردستان. 

نەوشیروان مستەفا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تا ساڵی ٢٠٠٦ جێگری سکرتێری گشتی بووە. لەو ساڵەدا وازی لە یەکێتی  هێناو دواتر کۆمپانیای وشەو بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزران لە هەردوو هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ دا لیستەکەی توانی ٢٥ کورسی بەدەستبهێێت.

ناوبراو جگە لەوەی کەسایەتیەکی سیاسیە وەک رۆشنبیرێک و رۆژنامەنووسێکیش دەرکەوتووە.

نەوشیروان مستەفا خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە بەناوەکانی (نما، چیا، چرا). نما کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە لەندەن تەواوکردووە و ئێستا گەڕاوەتەوە کوردستان. چیا، پاش تەواوکردنی کۆلێژ لە لەندەن ڕوویکردۆتە ئەمریکا بە مەبەستی خوێندنی ماجستێرو تەواوی کردووەو ئێستا لە کوردستانە. چرای کچیشی لە لەندەن دەخوێنێ، بۆ تەواوکردنی کۆلێژی پزیشکی لە بەریتانیا.



PM:11:17:16/08/2016