راگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێم لەبارەی شەڕی موسڵەوە

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێكدا دەنوسێت: "شەڕی تیرۆریستانی داعش ئەولەویەتی سەرەكی هەرێمی كوردستانە و لەم دووساڵەدا پێشمەرگە قارەمانانە ئەركی خۆی بەجێ گەیاند".

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات:" رزگاركردنی شاری موسڵ بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان و ناوچەكە گرنگە و جێگەی بایەخە و، جگە لە لایەنی سەربازی پێویستە دەرئەنجام و دەرهاویشتە مرۆیی و سیاسییەكانی و كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە لەبەرچاو بگیرێت".

دەقی راگەیەنراوەكە:
سەبارەت بە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شاری موسڵ و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بڵاوبوونەوەی لێدوانی جۆراوجۆر لە میدیاكان لەمبارەیەوە، بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە:

یەكەم: شەڕی تیرۆریستانی داعش ئەولەوییەتی سەرەكی هەرێمی كوردستانە و لەم دووساڵەدا پێشمەرگە قارەمانانە ئەركی خۆی بەجێ گەیاند و ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە شكا.

دووەم: ڕزگاركردنی شاری موسڵ بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان و ناوچەكە گرنگە و جێگەی بایەخە و، جگە لە لایەنی سەربازی پێویستە دەرئەنجام و دەرهاوێشتە مرۆیی و سیاسییەكانی و كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە لەبەرچاو بگیرێت.

سێیەم: بەلای هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكان و خەڵكی پارێزگای نەینەواوە، قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ گرنگییەكی تایبەتی هەیە و بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو كارەساتانەی بەسەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا هاتووە و بۆ ئەوەی گرفتی تر سەرهەڵنەدات و دڵنیایی تەواو بدرێتە پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا و دانیشتوانی شاری موسڵ پێویستە ڕێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان لایەنەكان هەبێت لەسەر بەڕێوەبردنی شاری موسڵ و پارێزگای نەینەوا.

چوارەم: لەبارەی ڕۆڵی پێشمەرگە لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو ڕێككەوتنانە دەبێت كە پێشتر لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی و هاوپەیمانان بوونی هەبووە و هەروەها هەر ڕێككەوتنێك كە لە داهاتوودا لەنێوان ئەو سێ لایەنە دەبەسترێت.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كودستان

20ـی 8ـی 2016



PM:03:37:20/08/2016