ساڵح موسلیم: تورکیا لە زەلکاوی سوریادا تێکدەشكێت
ئۆردوغان: هێرشەکەیان دژی داعش و یەپەگەیە

ساڵح موسلیم هاو سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی دەڵێت" تورکیاش وەک داعش لە زەلکاوی سوریادا تێکدەشكێت"، ئوردغانیش ئامانجی نهێنی هێرشی سووپاکەی ئاشکرا کردو یەپەگەشی خستە ریزی داعشەوە. 

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان لە تۆڕی کۆمەلآیەتی تویتەر، لە پۆستێکی کورتدا دەڵێت" تورکیاش وەک داعش لە زەلکاوی سوریادا تێکدەشکێت"، هەر پێش کەمێک لەمەوبەریش سەرۆکی تورکیا رایگەیاند" ئامانجی هێرشەکەیان بۆ سەر جەرابلس تێکشکانی داعش و یەپەگەیە و کەهەڕەشەن بۆ سەر خاکی تورکیا".

دەرەنگانێکی شەوی رابردوو هێرشی سووپای تورکیا بۆ سەر شاری جەرابلس لەلایەن تورکیاوە، بەهەماهەنگی ئەمەریکاو هاوپەیمانان دەستیپێکرد و هێزەکانی تورکیا چوونەتە نێو خاکی سوریاوە،

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، بایدن کە ئێستا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە تورکیا، دەڵێت" لەرێگای هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکاوە هاوئاهەنگی لەگەڵ سووپای تورکیا دەکات و ئاسمانی هێرشەکەیان بۆ دەپارێزێت".

ئەوەی راگەیاندراوە ئامانجی تورکیا، نەهێشتنی داعش، بەرگرتن لە فراوانبوونی دەسەلآتی پەیەدە، دورستکردنی زۆنگێک بۆ سوریەکانە.   


PM:12:17:24/08/2016