بارزانی: پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان کاتی زیاتری دەوێت

بارزانی لە وتەیەکدا کە مەبەستی سەردانەکەی بۆ تورکیا ئاشکراکرد، رایگەیاند" ئاشتی لە باکوری کوردستان کاتی زیاتری دەوێت، شتی زۆر ناخۆش روویداوە، ئومێدەوارین رۆژێک پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە".

بارزانی پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامە نوسیدا ئاشکرای کرد کە ئەو لەسەر داوەتنامەی سەرۆکی تورکیا تەیب ئۆردوغان سەردانی ئەو وڵاتەی کردووەو، وتی" کۆبوونەوەی گرنگمان هەبوو لەگەڵ سەرۆکی تورکیاو سەرۆک وەزیران".

بارزانی جگە لەوە باسی لەوە کرد کە خۆشحاڵی خۆی دەربڕیووە بۆ سەرکەوتن بەسەر کودەتا چییەکان و پرسەی خۆی ئاراستەی قوربانییەکانی ئەو کودەتایە کردووە، هەروەها وتیشی" باسی مەلەسەی قوتابخانەکانی گوویڵەنمان کرد، رێککەوتین کە بە شێوەیەک چارەسەر بکرێن کە زیان بە خوێندکارانی کورد نەگەیەنێت".

بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو سەردانەی لەکاتێکی زۆر هەستیاردا ئەنجام دەدرێت کە ناوچەکە لەبەردەم گۆرانکاری گەورەدایەو وتیشی" باسی پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنی لەگەڵ تورکیا کراوەو هەوڵی قوڵکردنەوەی دراوە، هەروەها باس لە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا کرا".

ناوبراو ئەوەی ئاشکرا کرد کە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە جارێک دوورەو " شتی ناخۆش روویداوەو ئاواتەخوازم کە رۆژێک دەستپێبکاتەوەو ئەو پرسە کارێکی زۆر تری دەوێت".

بارزانی ئەوەی خستەروو کە پرسی شەڕی داعش تەوەرێکی گرنگ و سەرەکی کۆبوونەوەکانی نێوان ئەو و ئۆردوغان و بەرپرسانی تورکیا بووە.
  



PM:12:58:24/08/2016