ڤیدیۆ..سەرباری شەڕ راوەستان
سوپای تورک لەگوندێكی منبەج چەندان مەدەنی کوشت

لە کاتژمێر ٢ ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە شەڕی سووپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی هاوپەیمانەکانی بەرامبەر هێزەکانی سوریای دیموکرات راوەستاوە، بەڵام هیزەکانی تورکیا تا ئێستا ناوبەناو بۆردومانی ناوچەکانی دەوربەری منبەج دەکەن و ئەم ئێوارەیە سوپای تورکیا زیاتر لە پێنج مەدەنیان لە گوندێکدا کوشت.

لەژێر فشاری ئەمەریکادا لە کاتژمێر ٢ ی بەربەیانی ئەمڕۆ ٨/٢٩ شەڕ لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتی و سوپای تورکیاو هاوپەیمانانی راگیراوە، هێزەکانی سوریای دیموکراتی لەباشوری رووباری ساجور جێگیربوون، سووپای تورکیاو هێزە چەکدارەکانی هاوپەیمانەکانیشی لەباکوری رووبارەکە نیشتەجێبوون، ئەمەریکاش چاودێری رەوشەکە دەکات.

سەرباری ئەو شەڕ راگرتنە، ناو بەناو سووپای تورکیا لە رێگەی تۆپی دوورهاوێژەوە تۆپبارانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتی دەکات، لەمبارەیەوەی ئەمشەو ئاژانسی هەوار نیوز لە هەواڵێکی بەپەلەدا ڤیدیۆ و وێنەیەکی قەسبخانەیەکی نوێی تۆپبارانی سووپای تورکیای لە گوندی " دندنیە " لە باشوری رووباری ساجور بڵاوکردەوە.

ئاژانسەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سووپای تورکیا لە رێگای تۆپی دوورهاوێژەوە ناوچە مەدەنییەکانی تۆپبارانکردووە، لەئەنجامدا پێنج هاوڵاتی کوشتووە کە سیانیان منداڵن.




PM:08:59:29/08/2016