سپی ناوی ئەو پەرلەمانتارە کوردانە بڵاودەکاتەوە داوای دووبارەکردنەوەی دەنگدان لەسەر وەڵامەکانی هۆشیار زێباری دەکەن

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، خەسرەو گۆران ئاشکرای کرد ٨٥ واژووی ئەندام پەرلەمانی عێراقیان کۆکردۆتەوە بۆ دووبارە دەنگدان لە بارەی وەڵامەکانی هۆشیار زێباری، سپی ناوی ئەو پەرلەمانتارە کوردانە  بڵاودەکاتەوە کە لەگەڵ پرۆژەکەی پارتیدا بۆ دووبارەکردنەوەی دەنگدان.
 خەسرەو گۆران بە رووداوی راگەیاندووە ٨٥ پەرلەمانتار واژوویان کردووەو، هەندێک پەرلەمانتاری تریش واژووەکانیان لەو یاداشتەی هەیسەم جەبوری کشاندۆتە کە داوای متمانە سەندنەوەیان لە هۆشیار زێباری کردبوو، سپی ناوی پەرلەمانتارە کوردەکان بڵاودەکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی لە لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەریەک لە " ئاڵا تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆن، عەبدولعەزیز جێگری سەرۆکی فراکسیۆن، شێرکۆ مەنگوری، رێزان شێخ دلێر، فەرهاد گەرمیانی، میدیا جەمال، لەیلا بەرزنجی".

هەرچی لیستی یەکگرتووی ئیسلامییە جگە لە موسەنا ئەمین سەرۆکی لیست، هەریەک لە " جەمال کۆچەرو عادل نوری و ئاسیا" لەگەڵ پرۆژەکەی پارتی و دووبارەکردنەوەی دەنگدانن.

هەروەها لیستی یەکێتی هێزە عێراقییەکان کە سونەن لەگەڵ پرۆژەکەی پارتین، جگە لە نوێنەرانی کەمینەکان کە ئەمانیش هەمان رایان هەیە.

بەپێچەوانەی ئەمانەوە لیستی گۆڕان و لیستی کۆمەڵی ئیسلامی بە تێكڕای ئەندامانیان پێچەوانەی پرۆژەکەی پارتین و دژی دووبارە دەنگدانەوەن لەسەر وەڵامەکانی هۆشیار زێباری.

رۆژی شەممەی رابردوو ٨/٢٧ پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ وەڵامەکانی هۆشیار زێباریان رەتکردەوە و رووبەرووی متمانە لێ سەندنەوەیان کرد کە بڕیارە سێ شەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە لیستی پارتی جموجوڵێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە بۆ دووبارە دەنگدانەوە لەسەر وەڵامەکانی هۆشیار زێباری، هاوکات وەفدێکی حکومی و حیزبی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کردوو یەکێک لەو پرسانەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا باسی کرد، مانەوەی زێباریە لە پۆستکەی وەک وەزیری دارایی.

  



AM:11:09:31/08/2016