وەزارەتی دارایی بڕیارێکی نوێی لەبارەی مووچەوە دەرکرد
وەزارەتی دارایی بڕیارێکی نوێی لەبارەی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەوە دەرکرد کە لە یەک کاتدا لە حکومەت و کۆمپانیاکانی نەوت موچە وەردەگرن و بڕیاریداوە مووچەکەیان ببڕێت.
لە نووسراوێکدا کە ئیمزای رابەر سدیق محەمەد، بریکاری وەزارەت بە وەکالەتی لەسەرە داوا لە گشت وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە مووچەی ئەو کەسانە ببڕن کە لە یەک کاتدا مووچە هەم لە حکومەت و هەم لە کۆمپانیاکانی دیکە وەردەگرن.
بە گوێرەی نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی ئەو بڕیارە تەنها ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە بە بێ وەرگرتنی مۆڵەتی بێ موچە، یان بە بێ ئاگاداری و رەزامەندی حکومەت بە شێوەی بەردەوام یان پچ پچر لە گەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کاردەکەن و لە هەردوو شوێنەکەش موچە وەردەگرن.
هەروەها وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە ڕێکاریی یاساییان لەگەڵ بگیرێتە بەر کە بریتییە لەوەی موچەکانیان لێ وەربگیرێتەوە و سەرجەم گوژمەکە بخرێتە ئەستۆیان و پاش ئاسایی بوونەوەی سیستەمی موچە بە رێژەی یەک لە سەر سێ تێکڕای موچە و دەرماڵەکانیان ببڕدرێت.
هەر لەو نوسراوەدا هاتووە "ئەو فەرمانبەرانەی تری حکومەت کە بە پێی رێنماییەکان و بە پێی فەرمانی رەسمی کاریان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کردووە، بەڵام بە پێی رێنمایی پێشوو موچەکانیان راگیرابوو، سەرلەنوێ شایستە داراییەکانیان خەرج دەکرێتەوە، لەگەڵ خەرج کردنی موچەی ئەو مانگانەی راگیرابوو".
PM:07:44:31/08/2016