پارتی لێدوانێكی ساڵح موسلیم رەتدەكاتەوە

بەڕێوەبەری خالی سنوری پَشابور وتەكانی هاوسەرۆكی پەیەدە رەتدەكاتەوە كە باسی لەوەكردبوو سنوری هەرێم‌و رۆژئاوای كوردستان بە میزاجی پارتی دەكرێتەوە.

ئەمرۆ ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پەیەدە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا كە لە پەرلەمانی ئەورووپا سازی كردبوو، باسی لەوە كرد كە سنووری هەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان بە میزاجی پارتی دەكرێتەوە، لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری خاڵی سنووری پێشابوور دەڵێت: سنوور بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان كراوەیە و ئەوە ئێمە نین بازرگانی دەكەین، بەڵكو پەیەدە گومرگ لە خەڵكی وەردەگرێت.

شەوكەت بەربەهاری بە ماڵپەری فەرمیی پارتی راگەیاند: "هاوسەرۆكی پەیەدە (ساڵح موسلیم)، ئەوە جاری یەكەم نییە ئەو جۆرە لێدوانانە دەدات كە هیچ راستییەكی بۆ نییە، بگرە ماوەیەكی زۆر بوو بازرگانی دەكرا ئێمە گومرگمان لە خەڵك وەرنەدەگرت و ئەوان گومرگیان وەردەگرت، ئەو كارەی ئێمەیش لە پێناو ئەوەدا بوو كە ژیانی خەڵك خراپ بوو، بەڵام ئەوان بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون بێ گومرگ خەڵك دەرباز بكەن".

وتیشی، لە ئێستادا سنوور كراوەیە و بازرگانەكان هاتوچۆ دەكەن و هیچ كێشەیەك نییە و كارەكان بە رێكوپێكی بەڕێوە دەچن، چونكە ئەوان رێگری لە بارزگانی ناكەن، لەبەر ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە.



PM:04:02:01/09/2016