فەرماندەیەکی یەژاستار لە شەنگال شەهیدبوو

بەپێی راگەیەنراوێكی فەرماندەیی یەژاستار لەشەنگال، فەرمادەیەكی گەریلای كچ لە ئەنجامی رووداوێك لەشەنگال شەهید بووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "گەریلا شیلان دووگەر ناسراو بە (ئەزدا گەڤەر) لە ئەنجامی ڕووداوێکا ژیانی بەختکرد".

 فەرماندەیی لەبەردەوامی راگەیەندراوەکەدا دەڵێت: "هەڤاڵمان ئەزدا گەڤەر لە دایکبووی شاری گەڤەری باکوری کوردستانە، لە ساڵی ٢٠١٣دا پەیوەستبووە بە ڕیزی گەریلاکانەوە، زیاتر لە ساڵێکیشە بەشداری تێکۆشانی ئازادکردنی شەنگال بووە، هەڤاڵ ئەزدا بە شێوەیەکی چالاک بەشداریکرد لە هەڵمەتی ئازادکردنی ناوەندی شەنگال، ئۆپەراسیۆنی گەلی شیلۆ، ماوەی شەش مانگیش بوو لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە گەلی شیلۆ(گەلی شەهیدان) بە هەڵوێست و ئیرادەی مەزن تێدەکۆشا".

لە راگەیەندراوی فەرماندەیی یەژا-ستاری شەنگالدا هاتووە:"هەڤاڵ ئەزدا یەکێک لەو هەڤاڵانە بوو کە بۆ ئەوەی شەنگال بەتەواوی لەدەستی داعش ڕزگار بکات و بۆ ئەوەی کوردستان لە فاشیزمی داعش و ئاکەپە ئازاد بێت، هەموو جۆرە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی لە ئەستۆ دەگرت، بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی لە دەستی چەتەکانی داعشدا ماون ڕزگار و ئازاد بکات، بە باوەڕو بانگەشەی مەزن بەشداری تێکۆشان دەبوو. هەڤاڵمان ئەزدا گەڤەر بەهۆی ڕووداوێکەوە لە ڕۆژی ٣٠ / ٠٧ / ٢٠١٦ گیانی بەختکردووە".

 لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە:"ئێمە وەکو هەڤاڵانی هەپەگە و یەژاستار لە شەنگال ڕایدەگەیەنین، کە ئەو تێکۆشانەی هەڤاڵمان ئەزدا گەڤەر بە ئێمەی سپاردووە دەیگوازینەوە بۆ ئاستێکی بەرز و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەنرخی دووگەر دەکەین".

 

ناسنامەی گەریلا ئەزدا:

 

ناسناو: ئەزدا گەڤەر

ناو و پاشناو: شیلان دووگەر

شوێنی لەدایک بوون: جولەمێرگ

ناوی دایک و باوک: سورەیا – نیزامەدین

کات و شوێنی گیان بەختکردن: ٣٠ / تەمموز / ٢٠١٦ – شەنگال



PM:03:32:17/09/2016