لێدوانی حکومەتی هەرێم دەربارەی دابەشکردنی مووچە

سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند هۆی سەرەكیی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و بەردەوامی جێبەجێنەكردنی سیستەمی پاشەكەوتكردن، بۆ كەمیی بڕی داهاتی حكوومەت دەگەڕێتەوە و دەشڵێت وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە دابەش دەكات كە لە بەردەستیدایە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی وشەی سەر بە حزبەکەی ڕایگەیاند " وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە دابەش دەكات كە لە بەردەستیدایە و هەروەك دزەیی ئاماژەی پێ كرد، هەندێك وەزارەتیش وەك وەزارەتی پێشمەرگە، پێویستییان بە بڕێكی زۆری پارە هەیە، بۆیە مووچەكە دوا دەكەوێت."

هەروەها ڕایگەیاندووە " كاتێك نرخی نەوت نزم بوو، رۆژانە 650 هەزار بەرمیل هەناردە دەكرا، بەڵام دوای راوەستانی نەوتی كەركووك هەناردە بۆ سەرووی 450 هەزار بەرمیل دابەزی، ئەوەش وای كرد بەرزبوونەوەی نرخ كاریگەریی زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی داهات نەبێت. جگەلەمە دوای سیستەمی پاشەكەوت پێویستییان بە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ ئەوەی دابەشی بكەن. بەگوێرەی رێككەوتنی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێستە نەوتەكە بە هاوبەشی دەفرۆشن كە 50 هەزار بەرمیلی بۆ هەرێمی كوردستان و داهاتی 50 هەزار بەرمیلەكەی تر بۆ عێراقە. دزەیی پێشبینی دەكات لە داهاتوودا ئاستی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ 130 هەزار بەرمیل بەرز بكەنەوە."

سەبارەت بە وادەی چاکبوونی دۆخی مووچە، دزەیی دەڵێت " ناتوانن پێشبینی لەم شێوەیە بكەین و گەورەترین ئابووریی جیهانیش ناتوانێ پێشبینی ئەوە بكات چ كاتێك دۆخەكە چاك دەبێت"
هەروەها ئاشکرایکردووە هەرێمی کوردستان بە چەند نەوت دەفرۆشێت و دەڵێت " هەندێك لایەن شەش مانگ كاریان لەسەر ئەوە كرد بڵێن حكوومەت قەرزدارە و پارەی نییە بیداتەوە، دواتر گێڕیان گۆڕی و گوتیان حكوومەت پارەی هەیە و نایدات. دزەیی پێی وایە ئەو جۆرە لێدوانانە دۆخەكەی شێواندووە لەكاتێكدا لێكدانەوەكان ئاشكران، خۆ ئەگەر رۆژانە 500 هەزار بەرمیل بڕوات و نەوتی برێنت بە 45 دۆلار بێ، هی هەرێم بە 35 دۆلارە و ئەگەر لێك بدرێتەوە، بە داهاتەكەی ناتوانرێت ئەو ئاستەی مووچەی پێ دابین بكرێت. پرسی داهاتی ناوخۆش راستە زیاد كراوە، بەڵام ئەویش گرێ دراوە بە مووچەی فەرمانبەر و ئەگەر فەرمانبەر مووچەی وەرنەگرتووە، تواناشی نەبووە پارەی كارەبا و ئاو بدات."



PM:11:45:24/09/2016