ڤیدیۆ.. لەشەڕێكدا 11 سەربازی تورك لەلایەن گەریلاكانی پەكەكە كوژران

گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە شەڕی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان‌و هێزەكانی سوپای توركیا لەناوچەی شرناخ لەباكوری كوردستان بڵاوكراوەتەوە كە تێیدا ژمارەیەك سەربازی تورك دەكوژرێن.

بەپێی راگەیەنراوی ناوەندی راگەیاندن‌و چاپەمەنی هەپەگە "رۆژی ٦ی ئەیلول کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ هێزەکانی ئێمە دژی بارەگای سەربازی گوزەکورکێی سەر بە شرناخ چالاکیان ئەنجامدا، چالاکیەکە دژی بازگەیەکی سەربازی لە سێ لایەنەوە پێکهات، گەریلاکانی ئێمە فیداکارانە دژی سەنگەرەکانی دوژمن چالاکیان ئەنجامدا و بە چەکی ئار بی جی ٧ەوە بۆمبیان هاویشتە سەریان، لەوێ سێ سەنگەر کەوتە دەستی گەریلاکانی ئێمەوە، هەروەها زیان بە تانک و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی دوژمن گەیشت".
 
هەپەگە راشیگەیاند:" لە ئەنجامی چالاکیەکەدا ١١ سەرباز کوژران و ژمارەیەکی زۆر لە چەک و تەقەمەنیەکانیشیان کەوتە دەستی گەریلاکانەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڤاڵێکی ئێمە بریندار بوو، گەریلاکان چەکەکانیان لەوێ لەناو برد، لە ئەنجامی ئەو چالاکیەدا پێنج گەریلای ئێمەش شەهید بوون، زانیاری لەبارەی ناسنامەی ئەو شەهیدانەوە بەزوویی ئاشکرا دەکرێت".





PM:04:29:26/09/2016