فراکسیۆنی پارتی بەڕەسمی ناڕەزایەتی خۆیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کرد سەبارەت بە ئەندامێتی هۆشیار عەبدوڵا لە لیژنەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەران .
لەو بارەیەوە هۆشیار عەبدوڵا ڕایگەیاند ڕۆژی دوشەممە بە هاوڕێیەتی ئەحمەدی حاجی ڕەشید و بە مەبەستی گفتوگۆکردن بۆ چۆنیەتی کار و جوڵەی لیژنەکە سەردانی شێخ هومام حەمودیمان کرد کە سەرۆکی لیژنە پەرلەمانیەکەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، لە دانیشتنێکدا تاریق گەردی جێگری سەرۆکی فراکسێۆنی پارتی و ئەندامی لیژنە پەرلەمانیەکەیە ئامادە بوو ، نوێنەرەکەی پارتی بە ناوی فراکسێۆنەکەیانەوە ڕایگەیاند کە ئەوان دژی ئەندامێتی هۆشیار عەبدوڵان لەو لیژنەیە بە پاساوی ئەوەی ئەو لیژنەیە لە ئەندامانی لیژنەکانی نەوت و دارایی پێک هاتوە و ئەو ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریە، لە بەرامبەردا شێخ هومام وتی ، هۆشیار عەبدوڵا خاوەنی بابەت و پڕوژەکەیە و پاشان بە فەرمانی پەرلەمانی بڕیار دەرچوە ، لەبەرامبەردا نوێنەرەکەی پارتی ڕای کۆتاییان ئەوە بوو ئەگەر هۆشیار عەبدوڵا لە لیژنەکەدا بێت ئەوان ئەندامێتی خۆیان هەڵدەپەسێرن و بەشداری ناکەن ، پاشان شێخ هومام وتی ئەو داوایە دەخەینە بەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمان.
دەربارەی ئەو داوایەی پارتی هۆشیار عەبدوڵا ڕایگەیاند " عادەتەن خاوەنی پڕوژە و داواکاری کە دواتر لیژنەی بۆ پێک دێت دەبنە ئەندام و پێشتریش چەندین حاڵەتی وا ڕویداوە ، ئەگەر لە روی بابەتی بونیشەوە بڕوانینە ئەرکەکانی ئەم لیژنەیە ئەوا دەبێت نوێنەری پارتی تێدا نەبێت، چونکە پارتی بەشێکە لە کێشەکانی نەوت و موچە و نوێنەرەکەیان لەبری نوێنەرایەتی پەرلەمان نوێنەرایەتی حیزب دەکات و داکۆکیان لێدەکات ، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لامان ئاسایی بوە نوێنەری پارتی تێدا بێت چونکە لە بنەڕەتدا ئامانجەکە لای ئێمە سیاسی و حزبی نیە و مەبەستەکە تەنها چارەسەری کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە .
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاشکرایکرد کە لە بەرامبەر ئەو داوایەی پارتیدا ئەحمەدی حاجی ڕەشید بە شێخ هومامی ڕاگەیاند ئەگەر ئەمرە نیابەکە بگۆڕدرێ و خاوەنی پڕۆژەکە کە هۆشیار عەبدوڵایە لەلیژنەکە نەمێنێت ئەوا منیش لە ئەندامێتی لیژنەکە دەکشێمەوە.
دەربارەی ئەو داوایەی پارتی ، هۆشیار عەبدوڵا وتی " لام گرنگ نیە ئەندام بم یاخود نا، خۆشم داوام نەکردوە، بەڵام ئەو هەڵوێستەی فراکسێۆنی پارتی هەوڵێکە بۆ گرفت خستنە بەردەم کاری لیژنەکە ئەگەرنا من تەنها دەنگێکم لە لیژنەیەکی یانزە کەسیدا و ئەرکی هەموانە کار بۆکۆتایی هێنانی کێشەی بێموچەیی خەڵکی هەرێم بکەین و هیواداریشم هیچ هەوڵێک بۆ پەکخستنی لیژنەکە سەر نەگرێت و لە ماوەی دیاریکراودا بتوانین ڕاپۆرت بۆ پەرلەمان ئامادە بکەین" .