پەرەسەندنێکی مەترسیدار
سووپای تورکیا ١٤ شەڕڤانی رۆژئاوای شەهید کرد

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندان شوێنیان لە باکوری رۆژهەڵاتی شاری حەلەب بۆردومان کرد کە بەدەستی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکراسیەوەن و لە ئەنجامدا ١٤ شەڕڤان شەهید دەبن و ٢٤ تر بریندار دەبن.

لە دوا پەرەسەندنی شەڕی سوریا، تورکیا بۆردومانی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا کە هێزەکانی سووریای دیموکراتییە دەکەن و، میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە کە زیاتر لە ٢٠٠ چەکداری یەپەگەیان کوشتووە، بەڵام روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە ١١ شەڕڤان شەهید بووەو دواتر بەرزبۆتەوە بۆ ١٤ شەهید و ٢٤ ی تر بریندارو چوار شەڕڤانیش بێ سەروشوێنن.

شەوی رابردوو فڕۆکەکانی تورکیا هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە گوندەکانی مارع و گوندەکانی باکوری رۆژهەڵاتی شاری حەلەب، بەشێک لەو شوێنانەی فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی کردوون نزیک شارۆچکەی بابە باکوری شاری رەقەیە کە هێزەکانی تورکیاو هێزەکانی سوریای دیموکراتی بەجیا دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن.

ئەمە یەکەمجارە تورکیا هێرشبکاتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکراتی کە یەکینەکانی پاراستنی گەل سەرەکی ترین هێزی ناو ئەو هاوپەیمانێتیەن و ئەو ‌هێزانەش لەلایەن ئەمەریکاوە هاوکاریدەکرێن و بەشێکی سەرەکی هاوپەیماننان لەسەر زەوی لەجەنگی دژە داعشدا.



PM:07:19:20/10/2016