قەرەیلان: تا كۆتایی كەركوك دەپارێزین

فەرماندەی گشتی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كەركوك تا كۆتایی دەپارێزن و بۆ چەتە فاشیستەكانی جێناهێڵن.

موراد قەرەیلان ئەندامی‌ بەڕێوەبەری‌ ئەو پارتە ‌و فەرماندەی گشتی هێزەكانی پاراستنی گەل "هەپەگە" لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ فورات نیوز باسی لە پەلامارەكەی رۆژی 21ی ئەم مانگەی بۆسەر كەركوك كرد و دەڵێت "خەڵكی كەركوك بەرخودانێكی گەورەیان نیشاندا‌و بەقارەمانی شارەكەیان پاراست، ئێمەش تاكو كۆتایی‌ كەركوك دەپارێزین ‌و بۆ چەتە فاشیستەكانی‌ بەجێناهێڵین".

دەشڵێت "گەریلاكانی رزگاریخوازی كوردستان وەكو هەموو شوێنێكی كوردستان، لە كەركوكیش ئەركی سەرشانیان جێبەجێدەكەن".

بەگوێرەی زانیارییەكان، هێزێكی‌ شارەزای بەكارهێنانی چەكی قەناس، كە سەر بە پەكەكە بوون، لەڕۆژی پەلامارەكەی سەر كەركوكدا، رەوانەی‌ سەنتەری‌ شارەكە كران بۆ پاڵپشتیكردنی‌ ئەو هێزانەی‌ روبەڕوی‌ چەكدارانی‌ داعش بونەوە.

هەر لەبارەی پەلاماردانی كەركوكەوە، موراد قەرەیلان، توركیا تۆمەتباردەكات‌ و دەڵێت "ئەگەری گەورە هەیە رۆڵی دەوڵەتی توركیا لەهێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆسەر كەركوك هەبووبێت، ئامانجیش لێی‌ ئەوەیە بەشەڕی كەركوك بەرەی شەڕ فراوانتر بكەن ‌و شكست بەئۆپەراسیۆنی موسڵ بهێنن".



PM:03:39:24/10/2016