كۆیە.. ژنێك بەهاوكاری منداڵەكانی هاوسەرەكەی دەسوتێنێت

مانگێک لەوەپێشر تەرمی نەقیبێک لە قەزای کۆیە بە سووتێنراوی دۆزرایەوە، رۆژی دووشەممە 24-10-2016 هاوژینی ئەو نەقیبە دانی بە کوشتنی هاوژینەکەی دانا و گوتی "بەهاوکاری منداڵەکانم تەرمەکەیم سووتاندووە".

لەمبارەیەوە نەقیب هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "هێزەکانی پۆلیس رۆژی یەکشەممە 23-10-2016 لە شاری دهۆک تەواوی ئەندامانی خێزانی نەقیب (ر.م.)ـیان دەستگیرکرد بەتۆمەتی کوشتن و سووتاندنی تەرمی نەقیب (ر.م.)".

دوای لێكۆڵینەوە ورد لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی بەپێی گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر "هاوژینەکەی دانی بەوەدا نا كە خۆی مێردەكەی بە فیشەك كوشتووە، دواتریش بەهاوكاری دوو كچ ‌و كوڕەكەی تەرمەكەی سووتاندووە".

نەقیب هۆگر عەزیز هەروەها گوتی "هاوژینی نەقیب (ر.م.) هۆكاری كوشتنی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە بە بەردەوام خەریكی خواردنەوەی مەی بووە و، ئەو شەوەی كوشتوویەتی ویستوویەتی دەستدرێژی بكاتە سەر كچەكەیان".

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر روونیشی کردەوە "خێزانەکەی گوتی: دوای ئەوەی بە فیشەك كوشتم لەگەڵ منداڵەكانم تەرمەكەیم گواستەوە و هەر خۆیشم ئاگرم لە جەستەی بەردا و، سووتاندم".

خێزانی نەقیبە کوژراوەکە بەپێی گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر "بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان ویستوویانە بچن لە دهۆک نیشتەجێ ببن، بەڵام دەستگیرکراون و رەوانەی پۆلیس کراون".



PM:04:21:24/10/2016