قاسمی سلێمانی لەگەڵ هەردوو باڵی ناکۆکی یەکێتی کۆدەبێتەوە

فەرماندەی سووپای قودس، قاسمی سلێمانی لەگەڵ هەردوو باڵی ناکۆکی یەکێتی، کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند" هەفتەی رابردوو فەرماندەی سووپای قودس، قاسمی سلێمانی بە جیا لە گەڵ هەریەک لە کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەسترۆشتووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبۆتەوە.

میدیاکانی هەردوو باڵی ناکۆکی یەکێتی، باڵی زۆرینەو باڵی ناوەندی بڕیار هیچ لێدوان و زانیارییەکیان لەسەر ئەو سەردانەی قاسمی سلێمانی بلآونەکردۆتەوە، بەلآم لەو دەمەوەی ناوبراو کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو باڵدا کردووە، جۆرە بێدەگیەک لەلایەن هەردوو باڵەوە پەیڕەو دەکرێت.

بە پێی زانیارییەکانی سپی، تا ئێستا ئاشکرا نییە کە قاسمی سلێمانی ئەو هەوڵەی بۆ یەکخستنەوەی هەردوو باڵی ناکۆکی نێو یەکێتی چۆنە، بەلآم ئاماژە بۆ بوونی پرۆژەیەکی ئێرانی بۆ رێکخستنەوەی هەردوولا دەکرێت کە قاسمی سلێمانی پێشنیاری بۆ کردوون.

لەدوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی و سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی یەوە، ئێران لەهەوڵدایە بۆ لێک نەترازانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و چەندانجار وەفدی بالآی بە نهێنی رەوانەی هەرێم کردووەو چاوی بە بەرسانی هەردوولا کەوتووە.



AM:11:27:27/10/2016