بەختیار عەلی: سیاسەت لە کوردستان مۆراڵی سیاسی لەدەستداوە

رۆشنبیر و نوسەری کورد بەختیار عەلی پێیوایە سیاسەت لەکوردستاندا مۆراڵی سیاسی لەدەستداوە.

لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ رادیۆی دەنگی ئەمەریکا، بەختیار عەلی لەسەر ژمارەیەک دۆسێی گرنگ و هەستیاری ڕۆژ قسەدەکات، ئەو پێیوایە "زەمینەی دروستبوونی داعش مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بۆیە سەرهەڵدانەوەی لە شێوەی تردا ئەگەرێکی کراوە و بەهێزیشە".

ناوبراو لەو چاوپێکەوتنەدا لەسەر بەرگرتن و رووبەرووبوونەوەی هێزە توندڕەوەکانی وەک داعشەوە لە رێگای سەربازیەوە،  دەڵێت " کێشەکە کێشەیەکی سەربازی ڕووت نییە، بەڵکو کێشەکە کولتوری ئەقڵییە، واتە دەبێت لەناو سیستەمی بیرکردنەوەی مرۆڤی خۆرهەڵاتیدا ئیش بکرێت".
دەربارەی کۆمەڵگای کوردیش چەندێک ئامادەیی هەیە گوتارێکی توندڕەوانەی ئاینی لە خۆ بگرێت، یانیش ببێتە زەمینەیەک بۆ ئەم دیاردەیە، بەختیار عەلی دەڵێت"کۆمەڵگای کوردی، یانیش مێژووی سیاسی کوردی خۆی مێژوویەکە پڕە لە توندوتیژی، یانی ئەگەر ئێمە بوێربین لە ڕەخنەکردنی داعش ئەوا دەشبێت بوێر و ئازاش بین لە ڕەخنەکردنی کۆمەڵگای خۆماندا".

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات، ئەو نوسەرە دەڵێت" کێشەی هەرە گەورەی ئەمڕۆ ئەوەیە کە کایەی سیاسی کوردی تەواو سەرقاڵی کۆمەڵێک کێشەیە کە پەیوەندی بە کێشەکانی مرۆڤی کوردەوە نییە و سیاسەت لە کوردستاندا ئەوەیە مۆراڵی سیاسی لە دەستداوە".
ئەو نوسەرە سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان پێیوایە "ئامانجی هێزە سیاسییە کوردیەکان، ئامانجی ئابوری کورتخایەنە کە گرێدراوی بەرژەوەندی هەندێک بەرپرسی تایبەتییە".



PM:09:45:28/10/2016