قوباد تاڵەبانی بەڵێن دەدات کێشەی پارێزگاری سلێمانی چارەسەر بکات

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ قادری حاجی عەلی کۆدەبنەوەوەو، جێگری سەرۆکی حکومەت بەڵێن دەدات پرسی پارێزگاری سلێمانی چارەسەر بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند" سەر لەبەیانی دوێنی ١٠/٢٨ قوباد تاڵەبانی و قادری حاجی عەلی لە سلێمانی لە گردی عەلی ناجی لە ماڵی سەردار قادر بە دوور لە چاوی کامێرا کۆبوونەتەوە".

لەو کۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بڕیاری داوە کێشەی بوونی سەردار قادر بە پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێم چارەسەر دەکات.

ئەو کۆبوونەوەیە دوای چەندجار پەیوەندی نێوان بەرپرسانی گۆڕان و یەکێتی دێت لە هەفتەی رابردوودا بۆ چارەسەرکردنی پرسی پارێزگاری سلێمانی.

هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ کردنی سەردار قادر بە پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت رەرتکردەوە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی لە نێوان یەکیتی و گۆڕاندا دروستکرد، بەتایبەتی ئەو دوولایەنە رێککەوتنی ٥/١٧ ماڵی تاڵەبانیان لە نێواندایە، کە هەریەک لە نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت رەسوڵ واژوویان کرد.


PM:01:28:29/10/2016