ئەوروپا: دەستگیرکردنی هاوسەرۆکان گورزێکە لەدیموکراسی
ئەمەریکا نیگەرانە لەو رەفتارەی تورکیا

سەبارەت بەدەستگیرکردنی هاوسەرۆکی هەدەپە، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیغان یوکسەکداغ ئەمەریکاو ئەورپا هاتنە دەنگ و نیگەرانی خۆیان لەسەر ئەو رەفتارەی تورکیا دەربڕی و سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە" ئەو هەنگاوە گوورزێکە لە دیموکراسیەت".

مارتن شوڵز سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە "، هەدەپە رەگەزێكی بنەرەتی ژیانی دیموكراسیە لە توركیا،دەستگیركردنی هاوسەرۆكان و پەرلەمانتارانی ئەو پارتە گورزێكە لە دیموكراسی" .

ناوبراو دەڵێت " بەردەوامی هەڵمەتی دەستگیركردنی نوێنەرانی هەڵبژێرداوی هەدەپە بەو بەرفراوانییە، دەسەڵاتدرانی توركیا زیاتر لەدیموكراسی دوور دەخاتەوە و كاریگەری دەبێت لەسەر پتەوی پەیوەندیەكانی یەكێتی و ئەوروپاو توركیا" .

ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت " چەندین جار لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش كۆبومەتەوە، ئەو سەركردەیەكە پابەندە بە پرۆسەی ئاشتی - خەباتی ناتوندوتیژی-دیالۆگی سیاسی و سەروەری یاسا بۆ چارەسەری كێشەكان، لەدیداری كۆتایشدا لەمانگی سێپتەمبەر پێی وتم كە ئێستا ترسی ئەوەی هەیە كە دەستەبەسەربكرێت ". 

تۆم مالینۆوسكی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش نیگەرانی خۆی نیشاندا لەبەرامبەر دەستگیركردنی هاوسەرۆكانی هەدەپە و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە لەلایەن حكومەتی توركیاوە. 

 مالینۆوسكی لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی " وەكو هاورێ و هاوپەیمان ، زۆ نیگەرانین كە حكومەتی توركیا سەركردەكانی هەدەپەو پەرلەمانتارەكانی دەستبەسەركردووە و ئێنتەرنێتی بلۆكردووە" .



PM:07:59:04/11/2016