پەرلەمانتارێك:داهاتی مانگی رابردووی نەوتی هەرێم زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بووە

 ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت داهاتی حکومەتی هەرێم لە مانگی رابردوودا زیاتر لەملیارێک دۆلار بووە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە نیازە نیوەی ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان.

 عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاركوردستان  رایگەیاندووە به‌دواداچونی فه‌رمی، که‌ له‌ کۆمپانیا نه‌وتییه‌ جیهانییه‌کان و کۆمپانیای سۆمۆ و به‌نده‌ری جه‌یهان بە‌ده‌ستمان هێناوه لە مانگی رابردوودا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم ڕۆژانە ٦٦٤ هەزار بەرمیل نەوتی لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردە کردووە و تەنها ٥٠ هەزاری داوەتە کۆمپانیای سۆمۆ.

بەم پێیەش حکومەتی هەرێم ڕۆژانە ٦١٤ هەزار بەرمیل نەوتی لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردە کردووە، گەر بەرمیلیشی بە ٤٠ دۆلار فرۆشرابێت لە کاتێکدا نرخی نەوتی لە بازارەکاندا ٥٠ دۆلار بووە، ئەوا داهاتی فرۆشی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە زیاتر لە ٧٣٦ ملیۆن دۆلار بووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە کە حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە بیانوی جیاوازەوە دەیەوێت نیوەی ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە : داهاتی فرۆشی نەوت لەڕێگەی تەنکەر و پاڵاوگەکان و داهاتی ناوخۆ بە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بخەمڵێنرێت ئەوا داهاتی مانگی رابردووی حکومەتی هەرێم زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە.



PM:03:55:08/11/2016