ویکلیکس: رێگا نادەن ترامپ ببێت بەسەرۆکی ئەمەریکا

سەرنوسەری ویکلیکس رایگەیاند" ڕێگە بە ترامپ نادرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەرکەوێت".

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی روسی، جولیان ئاسانج دەڵێت" "ئێف بی ئای هەمیشە هەوڵدەدات کە خۆی وادەرخات کە هیچ کەسێک ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە، بەڵام کلینتن زۆر بە ئاشکرا ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەکەی ئێف بی ئای بووەوە، لەبەر ئەوەش توڕەییەک لەناو ئێف بی ئایدا دەبینرێت، چونکە ئەوە وای لە ئێف بی ئای کردووە کە لاواز دەرکەوێت".

ناوبراو دەڵێت" لە وەڵامی ئەوەی کە خەڵک دەڵێت "ئەرێ ویکیلیکس بەتەمایە چی بکات؟ بە تەمایە و هەوڵدەدات کە ترامپ بباتە کۆشکی سپی؟" ئاسانج وتوویەتی "وەڵامی من ئەوەیە کە ترامپ ڕێگەی پێنادرێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. بۆچی ئەمەش دەڵێم؟ چونکە ترامپ دامەزراوەیەکی نییە، بەڵام بانکەکان و دەزگا هەواڵگرییەکان و کۆمپانیاکانی چەک و پارەی زۆری دەرەوە هەموویان لەپشتی هیلاری کلینتنەوەن و تەنانەت میدیاکان و خاوەنی میدیاکان و ڕۆژنامەنوساکان خۆشیان لەپشتی کلینتنەوەن".
 
سەرنوسەری ویکلیکس دەشڵێت " ئێمە نزیکەی ٣٣ هەزار ئیمەیڵی کلینتن-مان بڵاوکردووەتەوە، کە هی ئەو سەردەمەی بوو کە وەزیری دەرەوەبوو".

لەبارەی ئەوەی پاڵپشتیکردنی کلینتن بۆ گروپە جیهادییەکان و لەناویاندا داعش جولیان ئاسانج وتوویەتی "ئیمەیڵێکی هیلاری کلینتن کە لە سەرەتاکانی ٢٠١٤دا بۆ بەڕێوەبەری کەمپەینەکەی جۆن پۆدێستای ناردبوو، کە لەو کاتەشدا ماوەیەکی زۆر نەبوو وەزارەتی بەرگری جێهێشتبوو، تیایدا هاتووە کە داعش لەلایەن حکومەتەکانی سعودیە و قەتەرەوە پاڵپشتی لێدەکرێت. ئەمەش گرنگترین ئیمەیڵیەتی لەناو ئیمەیڵەکانیدا".

جولیان ئاسانج ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە "لەوکاتەی کە هیلاری کلینتن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بووە گەورەترین ڕێککەوتنی چەک لەگەڵ سعودیە کراوە کە بە بەهای زیاتر لە ٨٠ ملیار دۆلار بووە ". 

ئاماژەشی بەوەشکردووە کە گروپانی وەکو داعش بە پارەی ئەو کەسانە دروستبوون کە هاوکاری دارایی دامەزراوەی کلینتنیان کردووە.




PM:04:19:08/11/2016