"کۆسرەت ڕەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم ڕێککەوتن"
پاش زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نهێنی، باڵی ناوەندی بڕیار و باڵی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر چەند خاڵێک بۆچوونیان ئاڵوگۆڕکردووە و ڕێککەوتوون کە هەر پۆستێکی سیادی لەبەغدا وەربگرن بیدەن بە بەرهەم ساڵح، وتەبێژی ناوەندی بڕیاریش ڕایگەیاند "تا ئێستا گفتوگۆی کراوە بۆ لێتێگەیشتن بەردەوامە و هیچ بڕیارێکی فەرمی نەدراوە".
بە گوێرەی زانیارییەکانی سپی ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لە سلێمانی کۆبوونەوە و یەکێک لە خاڵە جیاوازە بنەڕەتییەکانی نێوان هەردوو باڵ کە پرسی بەرهەم ساڵح چارەسەر دەکەن و ڕێککەون کە هەر پۆستێکی باڵا و سیادی لە بەغدا وەک یەکێتی وەربگرن بە بەرهەم ساڵح دەستپێردرێت، لەو ڕۆژەشەوە هەوڵدەدرێت ئەو خاڵە جێبەجێ دەکرێت، بە پرسی سەرۆک کۆماریشەوە، ئەگەر لەسەر ئاستی عێراق ئەو پرسە چارەسەر بکەن ئەوا دەکرێت، فوئاد مەعسوم بە بەرهەم ساڵح بگۆڕێت.
شاڵاو عەلی عەسکەری وتەبێژی فەرمی ناوەندی بڕیار لە لێدوانێکی تایبەتدا بە سپی جگە لە پشتڕاستکردنەوەی کۆبوونەوەکان ڕاگەیاند "گفتوگۆ لە هەموو بوارەکاندا کراوە و لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ لە نێوانماندا زیاتر بووە"، بەڵام جەختیشی لەوەکردووەتەوە کە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نەدراوە.
سەبارەت بە زانیارییەکانی سپیش لەسەر پرسی بەرهەم ساڵح، وتەبێژەکەی باڵی ناوەندی بڕیار ڕایگەیاند "هێڵی سورمان لەسەر کەس نەبووە و هێڵی سووریش لەکەس قبووڵ ناکەین".
هەروەها هەردوولا گەیشتوون بە هەندێک تێگەیشتن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو خۆیان و پرسی کۆنگرە و پرسی دارایی و پرسە ڕێکخراوەکانی تری تایبەت بە یەکێتی.
لەسەر بارودۆخی کوردستانیش هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوی بەرژەوەندی یەکێتی بخرێتە پێش بەرژەوەندییەکانی تر و درێژە بە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ گۆڕان و هاوکات بەشداریکردنیان لە حکومەتدا لەگەڵ پارتی بدەن.
هەروەها هەردوولا ڕێککەوتوون کە تا بەستنی کۆنگرە کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی سەرکردایەتی ئەو حزبە بکات.
ڕۆژی ١ی ئەیلول ڕەوتی ناوەندی بڕیار لەلایەن جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتییەوە ڕاگەیەندرا و ناوەندەکە لە ٩ خاڵدا بۆچونی خۆی لەسەر کیشەکانی یەکێتی و پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا ڕاگەیاند
PM:02:05:09/11/2016