هاوار نیوز ئاژانسی نزیک پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان بڵاویکردەوە ئەو تەقینەوەیەی ئەمڕۆ لە عفرین روویداوە، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی جەنگیەوە بووە.
ئاژانسەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بۆردومانەکە کاتژمێر ٨:١٥ بووەو لە خاڵێکی پشکنین لە گوندی غەزاویە لە کانتۆنی عفرین و فڕۆکە جەنگییەکان بە دە مووشەک ئەو شوێنەیان بۆردومان کردووە.
شوێنی بۆردومانەکە دەکەوێتە ناوچەی شیراوادایە لە عفرین و رێگای دەربازبوونی ئەو هاوڵاتیە هەڵهاتووانەیە کە لەبەرەکانی شەڕ لەنێوان رژێم و چەکدارەکانی ئیتلاف لە حەلەب و ئیدلب هەڵدێن.
ئەو ئاژانسە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات تا ئێستا فڕۆکەکان نەناسراون و ژمارەی قوربانییەکانیش ٥٠ هاوڵاتی برینداربوون.
لەلایەکی ترەوە میدیاکانی تری رۆژئاوا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەو رووداوە تەقینەوەی " تیرۆریستی" بووە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوەو ٥٠ هاوڵاتی تریش برینداربوون.