نوری مالکی: شتێک نییە بە ناوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالکی دەڵێت" لە بودجەدا شتیک نییە بەناوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بەشە بودجەی ١٧%ی هەرێمی کوردستان هەیە، هۆکاری بڕینیشی پەیوەندی هەیە بەوەی کە حکومەتەکەی بارزانی پابەند نەبووە بە ڕێکەوتنە نەوتییەکانەوە".

نوری مالکی سەرۆکی حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەڕی ناسراوی عەرەبی ( ئیلاف ) دەڵێت" شتێکی نەگونجاوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی نەوتەکەی ڕەوانەی حکومەتی فیدراڵی نەکات و داوای بەشە بودجەی خۆشی بکات لە نەوتی بەسرە".

مالکی کە ئێستا جێگری سەرۆک کۆمارە لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێت" جەنگی رزگارکردنی موسڵ هەلێکە بۆ هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی و، حکومەتی تورکیاش چاوچنۆکی هەیە لە پارێزگای نەینەوادا و هەشە دەیانەوێت پارێزگاکە دابەشبکەن".
سەبارەت بە هاتنی سووپای تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق و جێگیربوونی لە باشیک، ناوبراو دەڵێت"چۆن ئەو هێزە لە ڕێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و زاخۆ و دهۆک و موسڵەوە گەیشتووەتە باشیک؟".

بەشێکی زۆری ئەو چاوپێکەوتنەی مالکی بۆ هێرشکردنە سەر بارزانی و هەرێم تەرخان کردووەو دەڵێت" مامەڵەی حکومەتی هەرێم و مەسعود بارزانی زۆر جێگەی داخە، چونکە ئەگەر ئێستا بەهۆی شەرەوە ئەو بابەتەیان کردبێتە هەلێک بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتیان بەسەر خاکی نەینەوادا، بەڵام سبەینێ کاتیک دەنگی گولـلە نامێنێت داخوازییەکان بۆ چوونە دەرەوە و دەرکردنی سوپای تورکیا دەستپێدەکات".

ئەو بەرپرسە شیعەیە کە لەسەردەمی کەوتنی موسڵدا کەسی یەکەمی عێراق بوو "ئەگەر بە پیلانی ناوخۆیی و دەرەکی نەبوایە، داعش ئەو هێزە نییە کە پارێزگایەکی گەورەی وەک موسڵ کۆنترۆڵ بکات، بەڵکو پێلانێک هەبوو کە بووە هۆی کشانەوەی سوپا، هێزە ئەمنییە کوردی و سونییەکان بوونە هۆی کەوتنی موسڵ".



PM:09:03:13/11/2016