ئەدهەم بارزانی ئامادەیە یارمەتی هەڤاڵ ئەبو بەکر بدات

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی وهەڵەبجە ئامادەیی خۆی پێشانداوە بۆ ئەوەی یارمەتی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر بدات تا پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەربگرێت.

ئەدهەم بارزانی لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی نەوا دەڵێت" پێمانناخۆشە لەڕوی ئیدارییەوە رەوشی شاری سلێمانی بەمشێوەیەیە، مەسعود بارزانی لەناوەوەو دەرەوەی هەرێم كوردستانیش سەرۆكە، بۆئەوەی گرفتەكانی سلێمانی چارەسەر ببن، من  بەهەموو خەڵكی رادەگەیەنم، ئەگەر بڕیار بێت هەڤاڵ ئەبوبەكر ببێ بەپارێزگاری سلێمانی و پێویستی بە مەرسومی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (كەویلایەتەكەی جێی ناكۆكییە) هەبێت، ئامادەم هاوكاری بكەم و ئەم مەرسومە لەسەرۆكایەتی هەرێم دەربچێ".

لێپرسراوی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی و هەڵەبجە وتیشی " لەخەمی شاری سلێمانیداین بابەتی دارایی و ژیانی خەڵك گرنگە، بۆیە پێویستە پێكەوە كێشەكان چارەسەر بكەین، چونكە دەترسم قەیرانێكی ئەمنیش روو لەشارەكە بكات، بۆیە ئامادەم هاوكار بم ئەو مەرسومە لەسەرۆكایەتی هەرێم دەربچێ و ببێتە پارێزگار".



AM:10:13:17/11/2016