بارزانی لەسەر مانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانەی ئازادیکردووە، پاشگەزدەبێتەوە

سەرۆکایەتی هەرێم روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە " ئەو وتارەی بارزانی لە باشیک بەکوردی پێشکەشی کرد بە شێوەیەکی هەڵە لە کوردیەوە وەرگێڕدراوەو هەرێمی كوردستانی پابەندبوونی بە هەر رێككەوتنێكی لەم بارەیەوە كردەوە". ( ئاماژەیە بۆ ئەوەی پێشمەرگە نامێنێتەوە لەو شوێنانەی لە پرۆسەی رزگارکردنی موسڵدا ئازادی کردوون).

رۆژی چوارشەممە ١١/١٦ لە باشیک بارزانی وتارێکی لەبەردەم خەڵکدا پێشکەشکردوو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێشمەرگە ناکشێتەوە لەو شوێنانەی رزگاری کردوون، ئەم وتارەش کاردانەوەی بەپەلەی لەلایەن عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و میدیا عەرەبیەکانەوە لێکەوتەوە، هەردوێنێش بارزانی ئەم روونکردنەوەیەی بڵاوکردەوەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پابەندە بە رێکەوتنی نێوان خۆیان و بەغداو ئەمەریکا تایبەت بە رزگارکردنی شاری موسڵ.

دەقی روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم
  
ژمارەیەك لە دەزگای راگەیاندنی عەرەبی باسیان لە وتاری بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد كە رۆژی چوار شەمەی رابردوو لە شاری باشیك پێشكەشی كرد.

ژمارەیەكیش لەو دەزگایانە بە هەڵە باسیان لە بڕگەی كشانەوە و مانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كرد لە ناوچە ئازادكراوەكان لە میانەی ئەو وتارەی كە بەڕێزیان بە زمانی كوردی پێشكەشی كرد و چەند بڕگە و ڕستەیەكیان بە شێوەیەكی هەڵە وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی كە وای كرد ڕستە و واتاكانی لە ڕاستی ناوەڕۆكەكەی بێتە دەرەوە.

سەرۆك بارزانی لە وتارەكەیدا بەڕونی دووپاتی لەسەر پابەندبوونی هەرێمی كوردستانی بە هەر رێككەوتنێكی لەم بارەیەوە كردەوە و دەقی وەڕگێڕانی فەرمی وتارەكەش لە وێپ سایتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاو بۆتەوە.

وتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
2016/11/17



AM:10:35:18/11/2016