مەحمود سەنگاوی لەسەر ڕاگەیەندراوەکەی بارزانی هاتە دەنگ

مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پەیامەکەی مەسعود بارزانی ڕاگەیاند و داواش لە لایەن سیاسییەکان دەکات کێشە دروست نەکەن.
مەحمود سەنگاوی لە میانی وتارێکیدا کە لە مەراسیمی ڕۆژی شەهیدانی یەکێتیدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پەیامەکەی دوێنێی بارزانی ڕایگەیاند "ئومێدەكەم قسەكانی جێبەجێ بكات و بەوردی بیر لەبارودۆخی هاوڵاتیان و هەرێمەكەمان بكاتەوە، داواش لەهەموو هێزە سیاسیەكان دەكەم كێشەی دیكە دروست نەكەن و گفتوگۆ بكەن، ئەگەر كەموكوڕییەكیش هەبوو لە بڕیارەكانی بارزانی بتوانین بەسەریدا زاڵبین و لەدانوستانەكاندا چارەسەری بكەین".
دوێنی بارزانی پەیامێکی لەسەر ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و داوای لە حزبەکان کرد کۆببنەوە و پەرلەمان کارا بکەنەوە و دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی بۆ دیاری بکەن و حکومەتێکی نوێ دابمەزرێت و کەسێک بۆ سەرۆکایەتی هەرێم دیاری بکرێت تا کاتی هەڵبژاردن.



PM:08:11:21/11/2016