کۆسرەت ڕەسوڵ لەسەر پەیامەكەی بارزانی هەڵوێستی خۆی راگەیاند
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی ڕایگەیاند، "دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی لەرووی ئەو ھەلومەرجەدا و لەڕووی ئەرکە گەورەکانی کورد و کوردستاندا بایەخێکی گەورەی ھەیە".
ئەمڕۆ سێشەممە 22/11 کۆسرەت ڕەسول، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کەهاوکات یەکێکە لە سەركردەكانی "ناوەندی بڕیاری یەکێتی" پەیامێکی بڵاوکردەوە و پەیامەکەی بارزانی بەئیجابی ناوبرد.
کۆسرەت ڕەسول لە پەیامەکەیدا دەڵێت "لەم هەلومەرجە قورسەی هەرێمدا پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەروازەیەکی گونجاو بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەکاتەوە".
هەروەها دەشڵێت "ئەگەر ھوشیارانە و دڵسۆزانە جێبەجێ بکرێ ئەتوانێ ھەنگاوی باش بۆ چارەسەرکردنی باری ئابووری و ژیانی خەڵک بنێت".
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی ئەوەشی وتووە "بەناوی خۆم و ھەڤاڵەکانمانەوە پشتیوانی لەو ھەنگاوە دەکەم و بە ھەموو توانا ھەوڵ دەدەین بە ئەنجامەکانی خۆی بگات".
هەروەها داوا لە ھەموو تێکۆشەرەکانی "ی.ن.ک" دەکات کە بەھەموو توانا پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی و ئابووری لە دەستپێشخەرییەکەی بارزانی بکەن.
کۆسرەت ڕەسوڵ ئەوەشی وتووە "ھیوادارم ھەموو حزب و لایەنەکان بەگیانی لەخۆبووردن و ھەست کردن بە لێپرسراوێتی مێژووییەوە ھاوکاری بکەن بۆ ئەوەی ئەو دەستپێشخەرییە بکرێ بە ھەنگاوی بەکار بۆ دەربازبوونی گەلەکەمان و ھەرێمی کوردستان لەو قەیرانە ترسناکەی، کە ھەموو لایەنێکی ژیانی خەڵکی کوردستانی گرتۆتەوە".
PM:03:17:22/11/2016