ئیدارەی نوێی ئەمەریكا لەسەر كورد‌و پێشمەرگە هەڵوێستی خۆی راگەیاند

ئێوارەی دوێنێ مایك پێنس جێگری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانی كردوە و پشتیوانی ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتەی بۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگە دوپاتكردۆتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا وێڕای ئاماژەدان بەوەی پێشتر سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، پێزانینی بۆ خەباتی گەلی كوردستان و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە هەبوە و ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی كرد لە تێكشكاندنی تیرۆریستان. پێنس جەختی لەوەشكردەوە، كە سەرۆكی هەڵبژێردراو و خۆی و وڵاتەكەی و ئیدارەی تازەی ئەمریكا پاڵپشتی گەلی كوردستان و پێشمەرگەن و لە پشتیوانیكردنیان بەردەوام دەبن.

لەبەرانبەردا بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆك و جێگری سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا كردوە بەبۆنەی سەركەوتنیان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و سوپاسی هەڵوێستی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكاشی كردوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا پاڵپشتیی خۆیانی بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاندووە. بارزانی ئەوەیشی خستۆتەڕوو، كە گەلی كوردستان تووشی زوڵم و نەهامەتیی زۆر هاتووە و هیوایشی خواست ئەمریكا و ئیدارە تازەكەی پشتیوانی داوا رەواكانی گەلی كوردستان بن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا جەختیان لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا كردۆتەوە.



PM:03:02:03/12/2016