هێمن هەورامی: دەبێت پەكەكە لەشەنگال بچێتە دەرەوە

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا دەكات گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەشەنگال بچنە دەرەوە.

هێمن هەورامی، لە لێدوانێك بۆ رۆژنامەكانی توركیا دەڵێت "كاتێك داعش هێرشی كردە سەر شنگال، پەیەدە لەسەر سنووری سوریا بوو، راڕەوێكیان كردەوە، پەكەكە لە هەرشوێنێك بۆشایی هێز هەبێت بەكاریدەهێنێت. ئەمەشی لە سوریا و قەندیل و ناوچەكانی تر ئەنجام دا".

ئەو بەرپرسەی پارتی دەشڵێت "لەسەرەتادا كە دژبە داعش كاریان كرد، سوپاسمان كردن، بەڵام ئەمە پرسێكی مرۆیی بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگە شنگالی رزگار كردووە، ئەون خۆیان جێگیركرد. لەڕاستیدا هیچ پێویستی بە پەكەكە نەدەكرد. چونكە پەكەكە هیچ پەیوەندیەكی بە خەڵكی ئەو ناوچەیەوە نەبوو".

هێمن هەورامی نمونەیەكی بۆ رۆژنامەكانی توركیا هێناوەتەوە و وتویەتی "كاتێك كۆبانێ نزیك بوو لەوەی بكەوێتە دەست داعش، ئێمە پێشمەرگەمان رەوانە كرد لە سایەی توركیاوە، پێشمەرگە گەیشتە كۆبانێ و یارمەتیدەربوون بۆ ئازادكردنی كۆبانێ. بەڵام هیچ كات نەمان وت داوای بەشی خۆمان دەكەین لەكۆبانێ. لەكاتێكدا پەكەكە هیچ پەیوەندی نییە بە كوردستانی عیراقەوە. دەبێت پەكەكە بەزوویی شنگال بەجێبهێڵێت. ئێمە هەموو هەوڵێكی ئاشتیانە دەدەین تاكو شنگال بەجێبهێڵن، لەكاتێكدا بوونی پەكەكە لە شنگال هاندەرێكی خراپە بۆ پێكدادان. هیچ هۆكارێكیش نییە بۆ مانەوەی پەكەكە لە شنگال لەمڕۆ و داهاتوودا. بوونی پەكەكە لە شنگال نایاساییە و هەوڵێكی تێكدەرانەیە".

پەیوەندییەكانی نێوان پەكەكە‌و پارتی تا دێت گرژتر دەبێت‌و ئەم لێدوانەی هێمن هەورامی لەكاتێكدایە كە چەند رۆژ لەوەپێش گەنجێگی خەڵكی ئامێدی لەكاتی راوكردن بە تەقەیە گەریلاكانی پەكەكە گیانی لەدەستدا.

هەروەها لە رۆژی 2/12/2016 هێزەكانی ئاسایشی "پەیەدە" لە شاری "عاموودا"ی رۆژئاوای كوردستان، هێرشیان كردە سەر نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە" و ئاڵای كوردستانیان سووتاند.



PM:02:42:05/12/2016