شێرکۆ جەودەت لەزاری ئاشتی هەورامیەوە: داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم ملیارێک دۆلارە

سەرۆکی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند" ئاشتی هەورامی پێی راگەیاندم داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێـ ملیارێک دۆلارە".

شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان کە بەشداری کۆنفرانسی شەشەمینی نەوت و گازی هەرێمە لە لەندەن بە ماڵپەڕی حیزبەکەی کوردی راگەیاندووە" وەزیری سامانە سروشتیەكان پێی ڕاگەیاندم  داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم ملیارێك دۆلارە، بەڵام شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكان و قەرزەكان وا دەكات ئیلتیزامات نەبێت".

شێركۆ جەودەت، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووە دەشڵێت" هۆكاری بەشداریكردنمان لە ئاوا كۆنفرانسێكدا بۆ ئەوەیە فشار دروست بكرێت پێشنیاری كردەیی بكەین چونكە دۆخەكە زۆر ئالۆزە بەهۆی ئەو پەیوەندیە ناباشەی كەهەیە لە نێوان بەغداو هەرێمی كوردستاندا ، بۆیە كێشەی موچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە چارەسەری حەكیمانە هەیە ، بە پێویستمان زانی بەشداری ئەم جۆرە لە كۆنفرانس بكەین ".

ڕاشیگەیاند : لە كۆبونەوەكاندا پێشنیاری ئێمە بۆچارەسەری موچەی فەرمانبەرانە بەوەی كە پێویستە هەرێمی كوردستان بە شێوازێك كارەكانی ڕێك بخات كە یەك بگرێتەوە لە گەڵ پێشنیاری نەوتی كەركوك دا بۆ چارەسەری كێشەو یەك بگرێتەوە لەگەڵ بەغدا ، بەغداش فشاری بخرێتە سەر بۆ ئەوەی كە نزیك بونەوە لە بۆچونەكاندا هەبێت .

سەبارەت بە تێبینی كۆمپانیا بیانیەكان لەسەر بەرهەم هێنانی نەوت و فرۆشتنی نەوت  دكتۆر شێركۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەكۆنفرانسەكەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە بەجدی  ئەبێت بابەتی شەفافیەت و وورد بینی  لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت دا بێت كە ئامانجی بەشداری ئێمە بوو پێویستە بەجۆرێك بێت هاوڵاتیان متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە .

وتیشی "خەڵك متمانەی بەمەلەفی نەوت و گاز نەماوە بۆیە ڕۆژێكی تەواو بۆ ئەو بابەتە تەرخان كراوە كە بەجۆرێك بێت لە وورد بینی لە  كێڵگەكانەوە دەست پێ بكات نەك لە سەر كاغەز بێت و وورد بینیەكی پاك شەفاف بێت بە شێوەیەك كەسانی ڕابردو پاك و كۆمپانیایی ڕابردو پاك و متمانە پێكراو ئەنجامی بدەن نەك ئەوەی كە لەژێر دەستی حكومەتدا بن یان لەگەڵ حكومەتدا بن و كۆنترۆڵ كرابن".

سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد : بەشێك لە كۆمپانیاكان وتەی خۆیان هەبوو تەنانەت گلەیی خۆیان كرد و باسی موعاناتی خۆیان كرد ،بێگومان پرۆسەكە خۆی لەسەرەتاوە بە شڵەژازی هاتوە و هەڵەی سترا تیژی كراوە كە ئەو هەڵانە ئەمرۆیان دروست كردوە بۆیە قوناغی داهاتوو نابێت بەهەمان شێوە بێت پێویستە ڕاست بكرێتەوە بونی ئێمە بۆ ئەوی كە ئەوەندەی پێمان دەكرێت بۆ ڕاستكردنەوەی باری لاری ئیدارەكردنی مەلەفی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدەین و بەڵكو بتوانین بەباشترین شێوە حەلی ناوەند بدۆزینەوە بۆ دابین كردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە نێوان بەغدا و هەرێم .

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد : لەم كۆنفرانسەدا  داتای كۆمپانیاكان و  ئەو نەخشانەی كە بڵاو كراونەتەوە بە ڕونی دەركەوت ئەو قسانەی ئێمە مانان كردومانە لەسەر شەفافیەت و ناڕونی لە ژمارەكانی بەرهەم هێنانی نەوت هەموی تەواوە ،كاك ئاشتی هەورامی پێی ڕاگەیاندم كە "داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم ملیارێك دۆلارە بەڵام شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكان و قەرزەكانە وا دەكات ئیلتیزامات نەبێت "دیارە ئەمە لەگەڵ گەندەڵی كەپێوەی  ئاڵاوە ماوەتەوە سەر ئەوەی چۆن چارەسەر بكرێن بۆیە پێویستە بەغدا و هەرێم بگەن بەیەك ، هەرێم پێویستە فشار لەخۆی بكات كە موچەی فەرمانبەران بەهەرچۆنێك بێت دابین بكات .

له‌ كۆتاییشدا ووتی: بەستنی شەشەم كۆنفرانسی نەوت و گازی هەرێم لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە كاتێكدایە كە موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە دەرژێنە سەر شەقامەكان و بەرانبەر بە دواكەتنی موچەكانیان و سیتەمی پاشەكەوتی مووچە ناڕەزای دەردەبڕن و بایكۆتی دەوام دەكەن .



AM:10:20:07/12/2016