نوسەری دیاری عەتا قەرداغی رەخنەی توند لە پارتی و یەکێتی دەگرێت و لەسەر گۆڕانیش دەڵێت" رێکخەری گشتی گۆڕان لە دووری هەزارای کیلۆمەترەوە بە ریمەوت کۆنترۆڵ بزووتنەوەکە بەڕێوە دەبات". ( مەبەستی مانەوەی نەوشیروان مستەفایە لەم بارودۆخە خراپەدا لە دەرەوەی وڵات و نەگەڕانەوەی بۆ کوردستان).
لە وتارێکدا بە ناونیشانی " ئەوانەی لە ئازارەكانی خەڵك تێناگەن!"، عەتا قەرەداغی نوسەری دیار دەڵێت" گەندەڵی لە هەموو ئاستەكاندا گەیشتە ئاستێك كە شاردنەوەو پەرەدەپۆش كردنی بووە كارێكی نەشیاوە، دەستگرتنی حیزب بەسەر بازاڕو دارایی و گومرگ و زەوی شارو كێڵگەو مەزراو نەوت و غازو ئوتێل و جگەرەو تەنانەت خانەنشینكردنی زۆرینەی كادیرەكانی خۆی لەسەر داهاتی حكومەت".
قەرەداغی دەڵێت " من بۆخۆم بڕوام بەوە نیە عەقڵی سیاسی و ئیداری و حیزبی ئێستای كوردستان لە پارتیەوە بۆ یەكێتی و بۆ گۆڕانیش بتوانن هەنگاوی بەرەو پاشەكشە لەو خراپەكاری و گەندەڵیی وێرانكردنەی وڵاتدا كردوویانە هەڵبنێن، بەڵكو ئەوەی پێشبینی دەكرێت رۆیشتنیانە بەرەو خلیسكانی زیاتر".
ناوبراو خەسڵەیتی حیزبی کوردی دیاری دەکات و دەڵێت" ئەوەی ئاشكرایە پارتی و یەكێتی و گۆڕان هەمان سیاسەتی حیزبە شمولی و تۆتالیتارەكان دەكەن و تەنانەت لە رووی پیادەكردنی سیاسەتیانەوە بەرامبەر بە خەڵك و نەیارانیان ئەوەی دەیكەن زۆر جیاواز نیە لە رەفتارو كرداری حیزبە شمولی و تۆتالیتارەكانی دنیا، لە كوشتن، گرتن، لێدان، برسیكردن و سوكایەتی پێكردن و جنیوپێدان. كوشتن و تیرۆر لە پشتەوە لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی رابردوودا كە حكومەتدارییان كردووە لە زاخۆوە تاكو كەلار روویداوەو بینراوە، خۆپیشاندان یان رێگای پێنەدراوە یان بە زەبرو زەنگ و گرتن و كوشتن و دەستڕێژی گوللە لە خەڵك وەڵامدراوەتەوە. ناڕەزاییەكانی خەڵك پشت گوێخراون. دواجاریش سیاسەتی برسیكردنی خەڵك دەستی پێكردوو، ئەوەتا ئێستا بە ئاشكرا خەڵك لە خراپترین باری ژیانیدایەو بەرپرسانی گومڕاو بێئاگا لە ژانەكانی خەڵك لە روانگەی قاسەكانی خۆیانەوە سەیری گیرفانی بەتاڵی خەڵك دەكەن. دامودەزگاكانی حكومەت ئیفلیج و نەخۆشخانەكان نیمچە چۆڵ و خوێندنیش ئیفلیج و پەككەوتووە. پارتی و یەكێتی بیست و پێنج ساڵە ئەم سیاسەتە پیادە دەكەن لە كوردستاندا".