وەزارەتی پەروەردە دەستبەرداری دڵشاد عومەر نابێت

وەزارەتی پەروەردە لە راگەیاندراوێکدا وەڵامی دەستلەکارکێشانەوەکەی دڵشاد عومەر دەداتەوەو رایدەگەیەنن" پەروەردە لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێکی پەروەردەیی و بەتوانای وەک بەڕێزیان نابێت و هیواخوازە هەفتەی داهاتوو دەست بە خزمەتکردنەوەی شاری خۆشەویستی سلێمانی بکاتەوە".

راگەیەنراوی وەزارەتی پەروەردە لەسەر دەست لەكاركێشانەوەی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی

پاش ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لەپۆستەكەی راگەیاند، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم راگەیەنراوێكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە و داوای ده‌ست به‌كاربوونه‌وه‌ی ده‌كات .
دەقی راگەیەنراوەكە:
بە پێویستی دەزانین سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێز (دڵشاد عومەر) بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، دوو خاڵ بخەینە ڕوو:
یەکەم: وەزارەتی پەروەردە هەوڵەکانی بەڕێزیان لە ڕابردوودا بۆ پێشخستنی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکەی و شکاندنی بایکۆت و دەستپێکردنەوەی خوێندن و هەوڵدان بۆ بەفێڕۆنەچوونی ساڵێکی خوێندنی منداڵانی خۆشەویست بەرز دەنەرخێنێت و دەستخۆشی لێ دەکات لە ئاست ئەو جورئەتەی کە ڕاستەوخۆ و ڕاستگۆیانە پەنجەی لەسەر هۆکاری کێشەکان و بەلاڕێدابردن و بەسیاسیکردنی خۆپێشاندان و مامۆستایان و جددینەبوونی هەندێک لایەنی سیاسی لە چارەسەرکردنی کێشەکان دانا.
دووەم: وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامێکی پەروەردەیی و بەتوانای وەک بەڕێزیان نابێت و هیواخوازە هەفتەی داهاتوو دەست بە خزمەتکردنەوەی شاری خۆشەویستی سلێمانی بکاتەوە و وەزارەتی پەروەردەیش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی دەبێت.
وەزارەتی پەروەردە
۸/۱۲/۲٠۱٦



PM:09:42:08/12/2016