مەلا بەختیار بە توندی وەڵامی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی دایەوە

دوای دوو وتاری یەک لەسەر یەک کە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ڕەخنەی لە مەلا بەختیار، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گرت لەسەر بەستنی کۆڕ و کۆنفرانسەکان، دواجار مەلا بەختیار لە ڕێگای میدیا تایبەتەکەیەوە وەڵامێکی تودی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی دایەوە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میانی وتارێکیدا نوسیبووی "لە رۆژێكدا كە میللەتەكەمان نانی نییە بیخوات و هەزار و یەك كێشە بەرۆكی یەكێتییەكەمانی گرتووەتەوە، كاكی كارگێڕ كۆنفرانسی پارتە سۆشیالیستەكانی ئەوروپا و مونتەدای سۆشیال دیموكراتەكانی جیه:انی عەرەبیمان بۆ ساز دەكات! ".

ئەمڕۆ مەلا بەختیار لە ڕێگەی ماڵپەڕی ڕۆژنامەی چاودێرەوە کە خۆی خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەرێتی وەڵامی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی دایەوە و نوسیویەتی "كەسێك، كە خۆی بە شازادەی یەكێتی دەزانێت، دەیەوێت هەستی پڕ لە رەخنەی رای گشتی لەسەر خۆی‌ و هاوسەرەكەی‌ و سەروەت ‌و سامانەكەی بگۆڕێت". دەشڵێت "هیچ منداڵێكیشی نەكراوەتە كونسوڵ ‌و مونسڵ. لە بەغداش خانووی لە مام جەلال وەرنەگرتووە و بە پارەی سەرۆكایەتی كۆمار تەعمیری نەكردووە و بە سەفارەتی كوەیتی نەفرشتووەتەوە بە (27) ملیۆن دۆلار".

هەروەها لەو وەڵامەدا کە بە ناوی ئەندامێکی ئامادەکاری کۆنگەرە بڵاوکراوەتەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەکەی بدات نوسیویەتی " "مەلا بەختیار لە نیوەی سەدەی رابردووەوە دوای بازرگانی نەكەوتووە. تەمەنی خۆی لە شاخ و خۆشاردنەوە و شەڕ و شۆڕدا بردووەتەسەر و بە ئەندازەی قورسایی جلوبەرگ‌ و خشڵ‌ و پێڵاوی ماركە جۆراوجۆرەكانی گرانبەهای (شازادە)، پێڵاوی لاستیكی دڕیوە. قەتیش لە حكومەت نەبووە، هەتا بەرپرسیارێتی قەیران هەڵبگرێت‌، وەكو (شازادە)ش بیست ساڵ بەرپرسیاری پەیوەندییەكان ‌و ناوەندی دەرەوە نەبووە، مانگانە سەفتەی دۆلار وەربگرێت‌ بەبێ ئەوەی یەك وەسڵ بداتە ئیدارەی گشتی، كوڕەكەشی مانگانە سەدان هەزار دۆلار هەتا ئێستا وەرناگرێت بۆ كەین ‌و بەینی كرێی سەتەلایتەكان".

ئەمەش لە کاتێکدا دێت شاناز ئیبراهیم نوسیبووی""كار و ئەركی سەرەكی دەستەی كارگێڕی سازدانی فێستیڤاڵ و سیمینار نییە ئەوەندەی راپەڕاندنی كاری رۆژانەی خودی یەكێتییە، پێشم سەیرە لەكاتێكدا هەموو كەناڵە ئاسمانییەكانی یەكێتی لەبەر بێ پارەیی رادەگیرێن! جەنابی یەكێتیی بتوانێت لە بنی هەتیتەشدا بێت پارە بۆ كۆنفرانس و میواندارێتی دەیان شاندی بیانیی پەیدا بكات!".



PM:11:18:10/12/2016