زانیاریی نوێ لەسەر سەدام.. لەكاتی خۆحەشاردانیدا خەریكی چی بووە؟

لێكۆڵەڕێكی دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا لە كتێبێكدا باس لە چەندین زانیاریی نوێ لەسەر سەدام حسێن دیكتاتۆری پێشووی عێراق دەكات.

جۆن نیكسۆن لێكۆڵەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریكایە كە لە نوێترین كتێبی خۆیدا باس لە چەندین زانیاریی لەسەر سەدام حسێن دەكات‌و دەنوسێت كاتێك لەسەدام پرسیار دەكرێت لەبارەی "رەنا و رەغد"ی كچی كە ساڵی 1995 بۆ ئوردون هەڵاتوون، خۆی پێنەگیراوەو بەکوڵ گریاوە. نیكسۆن دەنوسێت سەدام ئەوكاتە هەست و سۆز گرتی كە باسی كچەكانی رەناو رەغدم لەگەڵدا كرد كە بەدەنگی لەرزیووەوە وتویەتی "كچەكانم زۆر منیان خۆشدەویست، منیش زۆر ئەوانم خۆشدەویست".

نیكسۆن لەكتێبەكەیدا دەنووسێت سەدام بەدرێژایی رۆژەكانی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەكردن لەگەڵیدا "زیرەك و زۆربڵێ" بوو، بەڵام لەناكاو گۆڕا، ئەوەش كاتێك كە  پرسیاری لێكردووە سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەهەڵەبجە لەمیانەی جەنگی ئێران و عیراق لە ساڵی 1988دا.

دەنووسێت سەدام چاوی تێبڕیم و بە "رق و كینەیەكی زۆرەوە" سەیری دەكردم بەجۆرێك "زۆر ترسناك بوو، هەرچەندە كە دەست و مەچەكی  بەستراوەتەوەو لەزینداندابوو".

لەكتێبەكەیدا بەناونیشانی "لێكۆڵیەنەوەكردن لەگەڵ سەرۆك" نیكسۆن  دەنووسێت، سەدام حسێن ڕۆژەكانی لەمیانی خۆحەشاردنیدا بە نووسینی "رۆمان" بەسەردەبرد.

هەروەها دەنووسێت "سەدام وای نیشان دەدا كە هیچ زانیاریەكی سەبارەت بەوەی كە لەعێراق ڕوودەدات نییە".

هەروەك نیكسۆن نووسیویەتی سەدام هەستی بەبێزاری و سووكایەتیكردن كردووە كاتێك پرسیاری لێكردووە دەربارەی "سەمیرە شابەندەر"ی هاوسەری دووەمی، دانی بەوەداناوە كە عودەی كوڕی "كێشەیەكی تایبەتی بووە بۆی".

هەرچەندە هەندێک كەس پێیانوایە سەدام هێشتا زیندووە، بەڵام سەدام دوای چەند هەفتەیەك رادەستی حكومەتی عیراقی كرایەوەو لەسێدارەدرا و ڤیدیۆیەكی ساتی لەسێدارەدانەكەشی بڵاوكرایەوە.

نیكسۆن سەبارەت بە ساتی لەسێدارەدانی سەدام دەنوسێت "تووشی شۆك بووم لەبەرئەوەی سەدام شكۆمەندترین و رێزدارترین كەس بوو لەنێو ژووری لەسێدارەدانەكەیدا".



PM:02:55:12/12/2016