سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: خۆپیشاندان دژی سروە عەبدولواحید راگرن

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆڵی پێشمەرگە بەرزدەنرخێنێت و، هاوکات داواش دەکات خۆپیشاندان دژی پەرلەمانتاری عێراق سروە عەبدولواحید راگرن.

لە بەیاننامەیەکدا د. سەلیم جەبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند " سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد لەژێر چەتری ئەنجومەنی نوێنەراندا ڕۆڵی گرنگیان ھەبوە لەدۆسیە عیراقییەکان و بەرژەوەندییەکانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان".

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بۆ رۆڵی سروە عەبدولواحید دەکات و، تیایدا هاتووە " یەکێک لەو پەرلەمانتارانەش کە بەردەوام ڕۆڵی ھەبوە، سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕانە، بۆیە پێویستە ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەی لەدژی ئەو دروستکراوە کۆتایی بێت”.
 
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەش لەڕوبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش بەگشتیی و شەڕی ڕزگارکردنەوەی موسڵ بەتایبەتی بەگرنگ و مێژویی وەسفدەکات" لەتەواوی ڕوبەڕوبونەوەکانی تیرۆریستانی داعش، ئەو ھێزە ڕۆڵی گرنگ و مێژویی ھەبوەو بەتایبەتیش لەشەڕی ڕزگارکردنەوەی شاری موسڵدا، پێشمەرگە توانیویەتی زیانێکی زۆر بەداعش بگەیەنێت و پانتاییەکی گەورە ڕزگاربکاتەوە”.

لەکۆتایی بەیاننامەکەشیدا جبوری باسی لەوەکردوە، بەردەوامبونی گرژیی و ئاڵۆزیی و ناکۆکیەکان ھیچ سودێکی بۆ یەکڕیزیی و پێکەوەژیان نابێت کەعیراق پێویستی پێیەتی بۆئەوەی وەک چەکێک لەدژی تیرۆریستان بەکاریبھێنێت.



AM:11:03:14/12/2016